زیاتر له‌ 43 هه‌زار خوێندكار له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان وه‌رگیران

25.10.2021
جەماوەر نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەنجامی زانكۆلاینی بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، 43 هەزار و 277 خوێندكار وەرگیران و 82% ی دەرچووانیش لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان وەرگیراون.
كاتژمێر 10ی به‌یانی ئەمڕۆ 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وردەكاری و داتای وەرگیراوانی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان لەهەرێمی كوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2021-2022) راگەیاند و خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و بەدواداچوان ئاماژەی بەوەدا: كە ئەمساڵ 63 هەزار و 324 خوێندكاری پۆلی 12 دەرچوون و 82% ی دەرچووان كە داواكاریان پێشكەش كردووە لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان وەرگیراون، هاوكات  18%ی ئەو خوێندكارانە وەرنەگیراون كە ژمارەیان دەكاتە حەوت هەزار 943 خوێندكار.
وتیشی: 62% خوێندكاران لەناو خوێندنی خۆڕایدا وەرگیراون واتا ئەو كورسیانەی كە بەخۆڕاین و 21% لەخوێندنی پارالێڵ وەرگیراون و 17% لە خوێندنی ئێواران وەرگیراون.
راشیگەیاند: چوار هەزار و 67 كورسی بە بەتاڵی ماونەتەوە و وەرنەگیراوان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن و لەسەر ئەو كورسییە بەتاڵانە بخوێنن.

زۆرترین خوێندراو