له‌ عێراق زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون

05.05.2022
جەماوەر نیوز
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەو خۆڵبارینەی لە دوێنێوە عێراقی گرتووەتەوە نزیکەی 5 هەزار کەس تووشی هەناسەتووندی بوون و سەردانی نەخۆشخانەکانیان لە هەموو عێراق کردووە و کەسێکیش لە بەغدا گیانی لەدەستداوە؛ کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکات بەیانی لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان باران ببارێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگه‌یاند لە دوێنێوە 5 هەزار کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان لە عێراق کردووە و تا دێت ژمارەکە زیاد دەبێت؛
سەیف بەدر گوتی، بەشێکی زۆری ئەوان تەندروستییان جێگیرە، بەڵام بەشێکیشیان باری تەندروستیان خراپە، چونکە کێشەی تەندروستیی دیکەیان هەیە، لەوانە رەبۆ و هەناسەتووندی و کێشەی دیکەی وەکو تەمەن و نەخۆشیی درێژخایەن.
سەیف بەدر رایگەیاند، تەنها لە بەغدا نزیکەی دوو هەزار کەس تووشی هەناسەتووندی و تێکچوونی تەندروستی بوون و گوتیشی، بەغدا و ئەنبار لەو پارێزگایانەن زۆرترین کاریگەریی شەپۆلەکەیان لەسەربووە.
لە ڕۆژی  چوارشەممەوە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکووک، سەڵاحەدین، نەجەف، کەربەلا، ئەنبار، دیوانییە رووبەڕووی شەپۆلێکی خۆڵبارین بوونەتەوە. 
هاوکات عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگه‌یاند: "ئەم شەپۆلەی خۆڵبارین یەکێکە لەوانەی زۆرترین پارێزگاکانی گرتووەتەوە و شەپۆلێکی تووندە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە رۆژی هەینییەوە کاریگەریی کەمببێتەوە و دۆخەکە بۆ رۆژی شەممە تەواو ئاسایی ببێتەوە."
عامر جابری گوتی، "راستە گۆڕانکاری لە کەشوهەوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەبینرێت و روودەدات، بەڵام لەم مانگەدا و بە درێژایی هاوینیش پێشبینی روودانی چەندین شەپۆلی خۆڵبارینی دیکە دەکەین؛ بۆیە پێویستە خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە."

زۆرترین خوێندراو