ترەمپ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

11.08.2022
جەماوەر نیوز
دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەمیانی وه‌رگرتنی گوته‌ لێی له‌ داواکاریی گشتیی نیویۆرک، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیه‌ی کە له‌باره‌ی موڵکەکانی دەستپێکراوە، رایگەیاند دەیەوێت مافی دەستووریی خۆی سەبارەت بە قسەنەکردن بەکاربهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ لەو راگەیەندراوەی کە دوای نزیکەی یەک کاتژمێر لە چوونەژوورەوەی بۆ لای داواکاری گشتی بڵاوی کردەوە، وتی: "لەسەر پێشنیازی راوێژکارەکەم و له‌به‌ر سەرجەم هۆکارەکان، بەپێی ماددەی پێنجەمی دەستووری ئەمریکا و لە چوارچێوەی ئەو ماف و تایبەتمەندییەی کە بۆ هەموو هاووڵاتییەک دانراوە، وەڵامدانەوەی پرسیارەکانم رەتکردەوە".
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد لەسەر ئەوە لێیان پرسیوە "ئەگەر بێتاوانی بۆ هانات بۆ ماددەی پێنجەمی دەستوور بردووە؟" ، وتی: "وەڵامی ئەم پرسیارە دەزانم بەڵام كاتێك خێزانەکەت، کۆمپانیاکەت و سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە چواردەورتدان ده‌بنه‌ ئامانجی راوی بۆ جادوگەرێک کە پاڵنەری سیاسی هەیە و لەلایەن پاریزەران، داواکارانی گشتی و دامەزراوەی میدیایی هه‌واڵی ساختەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەوە بژاردەیەکی دیکەت نابێت".
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا داکۆکی لەوە کرد کە ئیدارەی وڵاتەکە و چەندین داواکاری گشتی تەواوی سنوورەکانی رەوشت و پره‌نسیپیان به‌زاندووه‌ و بانگەشەی ئەوەی کرد کە بژاردەیەکی دیکەی نه‌بووه‌ جگه‌ له‌وه‌ی "شایه‌تی له‌دژی خۆی نه‌دا" کە مافێكه‌ و لە دەستووردا.
ماددەی پێنجەمی دەستووری ئەمریکا کە بە مافی (Fifth Amendment) ناسراوە باس لە مافی کەسەکان دەکات لە هەڵبژاردنی بێدەنگی و رەتکردنەوەی گەواهیداری بۆ دەسەڵات لەو حاڵەتانەی کە لەدژی خۆیان دەبێت.
یاساناسان سەرنج بۆ ئەوە رادەکێشن کە لە ئەگەری ئیفادەدانی ترەمپ ئەوە دەرگا لە بەردەم بەرپرسیارێتی مەدەنی و تاوانکاریی دەکاتەوە و سەرجەم ئەو شتانەی کە دەیڵێت دەکرێت لە دۆسیەیەکدا لە دژی بەکاربهێندرێتەوە.
بەڵام لەلایەکی دیکەوە، پشتبەستن بە ماددەی پێنجەم و ئیفادەنەدانی بە هەمان شێوە لە کاتی کردنەوەی دۆسیەیەکی تاوانکاری مەترسی ئەوە زیاد دەکات کە دەستەی دادگا بەهۆی ئەوەی خۆی لە وەڵامدانەوە دزیوەتەوە دەتوانن "لێکدانەوەی نەرێنی" لە دژی بەکاربهێنن.

زۆرترین خوێندراو