نرخی به‌نزین داده‌به‌زێت

20.10.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان و هێنانی بڕێکی زۆری بەنزین لە ئێرانەوە، نرخی بەنزین دابەزیوە. دەشڵێت، دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری و 690 دیناری بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ڕایگه‌یاند: "ماوەی دوو هەفتەیە نرخی بەنزین دادەبەزێت و هۆکارەکەشی بە پلەی یەکەم دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهاندا؛ هەروەها ئێستا لە ئێرانەوە بەنزینێکی زۆر دەهێنرێت و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین."
نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر 900 دینار بۆ 950 دینارە؛ هەرچی لیتری بەنزینی موحەسەنە نرخەکەی نزیکەی 1100 دینارە و نرخی لیترێک بەنزینی سوپەریش دەگاتە 1200 دینار.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، رۆژانە بەنزینی 800 دیناری لە 25 بەنزینخانە دابەش دەکرێت؛ هەروەها بۆ شۆفێرانی تەکسیش رۆژانە بەنزینی 690 دیناری بەردەوام لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێت.

زۆرترین خوێندراو