یونسێف: جه‌نگ له‌ عێراق مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر منداڵان

20.11.2022
جەماوەر نیوز
ئاژانسی تایبەت بە پێشکێشکردنی هاوکاری بە منداڵانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان- یونسێف دەڵێت، ئەمساڵ نزیکەی 580 منداڵ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەهۆی شەڕ و تووندوتیژییەوە کوژراون کە دەکاتە تێکڕای 10 منداڵ لە هەر هەفتەیەکدا. ئاژانسەکە دەڵێت، ئەم دۆخە "قبووڵ ناکرێت."
بە گوێرەی ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، منداڵانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا رووبەڕووی زیادبوونی تووندوتیژی دەبنەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ململانێ، تووندوتیژیی نێو کۆمەڵگەکان، تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ و نائارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ژمارەیەک وڵاتی گرتووەتەوە، لەوانەش ئێران، عێراق، لیبیا، سوودان، سووریا، یەمەن و هەروەها لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.
20ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانیی منداڵانە، کە ساڵیادی پەسندکردنی رێککەوتنی مافەکانی منداڵانە لە ساڵی 1954. رێککەوتنەکە ژمارەیەک خاڵی تێدایە کە پێویستە وڵاتان پێیانەوە پابەند بن، لە نێویاندا جیاکارینەکردن، لەبەرچاوگرتنی باشترین بەرژەوەندیی منداڵان لە هەر هەنگاوێکی پەیوەندیدار بە منداڵان، مافی منداڵان بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان بە ئازادی، هەروەها مافی منداڵان بۆ ژیان. 
یونسێف دەڵێت، لە عێراق تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ و ململانێکانی رابردوو هێشتاش هەڕەشە و مەترسین بۆسەر منداڵان، بە جۆرێک تەنیا ئەمساڵ 65 منداڵ بەو هۆیەوە کوژراون یان برینداربوون. 
ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە هەفتەی رابردوو دوو کچ "بە شێوەیەکی دڕندانە" لە کامپی هۆل لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کوژران؛ هەروەها لە یەمەن، "ئاگربەستێکی پاڵپشتیکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی ململانێکە و ژمارەی قوربانییەکان،" بەڵام "ئاگربەستەکە لە تشرینی یەکەم کۆتاییهات و منداڵان کەوتنەوە ژێر هێرش. لە سوودان، ململانێ لە پارێزگەکانی نیلی شین و کەردەفانی رۆژئاوا جارێکی دیکە بووەتە هۆی ئەوەی منداڵان بکەونەوە بەر مەترسی". لە ئێرانیش "یونسێف زۆر نیگەرانە لە دەنگۆی کوژران، برینداربوون و دەستگیرکردنی منداڵان." 
ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە "وێڕای نەبوونی داتای فەرمی،" لە کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵەوە، واتە لە دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران "وا دەخەمڵێندرێت 50 منداڵ لە گرژییەکاندا گیانیان لەدەستدابێت". 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، هەفتەی رابردوو کچێکی چواردە ساڵانی فەلەستینی لە نزیک رامەڵڵا کوژرا، بەوەش ژمارەی منداڵانی فەلەستینی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کوژراون، گەیشتە 49 منداڵ. 
یونیسێف نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر "ئەو باجە قورسەی کە منداڵان بەهۆی تووندوتیژییەوە دەیدەن" دەردەبڕێت و داواش دەکات مافی منداڵان لە هەر دۆخێکدا بپارێزرێن.

زۆرترین خوێندراو