سه‌رۆكی حكومه‌ت داوای ڕاگرتنی په‌لاماردان بۆ سه‌ر جوتیارانی كورد ده‌كات

07.12.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەلاماردانی ئەمڕۆی عەرەبی هاوردە بۆسەر چەند جووتیارێکی کورد لە سنووری کەرکووک رایگەیاند، ئەو رووداوە مایەی "ئەوپەڕی نیگەرانییە" و داوای کرد کە بەپەلە کۆتایی بەو پەلاماردانە بهێندرێت.
ئێوارەی ئه‌مڕۆ 07-12-2022، لە سنووری ئاواییەکانی دارا و مەنسوور لە حەفتەغار لە سنووری کەرکووک شەڕ لەنێوان جووتیارانی کوردی خاوەن زەویوزاری ناوچەکە و عەرەبی هاوردە روویدا. جووتیارێکی کورد ڕایگه‌یاند بە 100 کەسەوە هێرشیان کردووەتە سەریان و دوو جووتیاری کورد لە شەڕەکەدا بریندار بوون.
لەوبارەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا داوا لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدرال دەکات کە "بەپەلە کۆتایی بە پەلاماردان و دەستدرێژیکردنە سەر جووتیارانی کورد لە سنووری داقووق و ناوچەکانی دیکەی کەرکووک بهێنن کە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە ئەنجام دەدرێت و بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی دەرکردنی کورد و دەستبەسەرداگرتنی زەویەکانیان دەدەن."
عەبدولقادر، یەکێک لەو جووتیارە کوردەی کە لە شەڕەکەدا برینداربووە رایگەیاند، دوو سێ رۆژە هاوردەکان جووت دەکەن و ئەوان رێگرییان لێدەکەن. "ئەمڕۆ خۆمان چووین بۆ رێگریی لێیان کە لە زەوییەکەی من جووتیان دەکرد. من سەنەد تەملیکم هەیە هی ساڵی 1972ـەوە. گرێبەستی سەردەمی عەبادیم هەیە ساڵی 2018."
ئەو جووتیارە کوردە باس لەوەش دەکات، ئەو زەوییانە لە باوک و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆیشەوە گوتی، "چووین بینیمان چوار تراکتۆر جووتیان دەکرد. سوپا گوتی نا‌هێڵین جووت بکەن، بەڵام راست ناکەن، سوپا پشتی ئەوان دەگرێت. چووینە سەریان و رایان کرد، بەڵام دواتر بە 100 کەسەوە هاتن، بە دەمانچە و بە دار و بەردەوە تەقەیان لێم کرد، شتێک بەر سەرم کەوتووە نازانم گولـلەیە یان بەردە."
بەگوتەی ئەو جووتیارە، دوو جووتیاری کورد لە شەڕەکەدا بریندار بوون کە یەکێکیان لە نەخۆشخانەیە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو رەفتارەی هاوردەکان بە "دژی بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و بڕگەکانی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق" ناودەبات و داواش لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات کە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن. 

زۆرترین خوێندراو