شاندێكی عێراق ده‌گاته‌ ئه‌مریكا

02.02.2023
جەماوەر نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەو سەردانەی کە بڕیارە شاندی باڵای عێراق لە حەوتی ئەم مانگە بەئامانجی گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسە سیاسیی و ئەمنییەکان، ھەروەھا ناجێگیربوونی دۆلار بەرامبەربە دینار بۆ واشنتۆن ئەنجامی بدات لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، فوئاد حوسێن لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و رەوشی ئەمنیی ناوچەکە، ھەروەھا گرنگی پتەوترکردنی ھاریکارییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە، گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو سەردانەی کە بڕیارە شاندی باڵای عێراقی لە حەوتی ئەم مانگە بەئامانجی گفتوگۆکردن سەبارەت پرسە سیاسیی و ئەمنییەکان، ھەروەھا ناجێگیربوونی دۆلار بەرامبەربە دینار بۆ واشنتۆن ئەنجامی بدات.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە سەردانی شاندەکەی عێراق دەدات، بەتایبەتی کە ئەم سەردانە لە کاتێکی گرنگ دایە لە مێژووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ھەروەھا جەخت لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەکاتەوە و شاندی ھەردوو وڵات، باس لە ژمارەیەک پرسی گرنگ دەکەن.

زۆرترین خوێندراو