واشنتن ... خۆپیشاندانى جووه‌کان بۆ ئاگربه‌ست و ڕزگارى فه‌له‌ستین

19.10.2023
جەماوەر نیوز
نزیکه‌ى 300 که‌س له‌لایه‌ن پۆلیسى کۆنگرێسه‌وه‌ ده‌ستگیرکران، پاش ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ خۆپیشاندانێکى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م کۆنگرێس ئه‌نجام درا و داواى کۆتاییهێنانیان به‌ شه‌ڕى نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌کرد.

به‌شێک له‌ خۆپیشانده‌ران چوونه‌ نێو باڵه‌خانه‌ى کۆنگرێسه‌وه‌ و پۆلیسیش پاش چه‌ند کاتژمێرێک بڵاوى پێکردن.

خۆپیشانده‌ران زۆربه‌یان جوو بوون و پشتیوانیان له‌ فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌کرد و دروشمى "ئاگربه‌ست" ڕزگارى فه‌له‌ستین"یان ده‌گوته‌وه‌.

پۆلیسى کۆنگرێس ڕایگه‌یاند " گروپێک له‌ خۆپیشانده‌ران له‌ ناو هۆڵى کانه‌ن خۆپیشاندان ده‌که‌ن. خۆپیشانده‌ران ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ بچنه‌ نێو باڵه‌خانه‌ى کۆنگرێسه‌وه‌."


هه‌روه‌ها ده‌شڵێت ژماره‌یه‌ک که‌س له‌وێ ده‌ستگیرکراون له‌نێویاندا سێ که‌س تۆمه‌تبارکراون به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر پۆلیس له‌ میانه‌ى پرۆسه‌که‌دا.

خۆپیشانده‌ران له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌دا کۆببونه‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌نگى جووه‌کان بۆ ئاشتى ڕێکخرابوو و پاشنیوه‌ڕۆ به‌ ڕێپێوانێک له‌ گۆڕه‌پانى نیشمانییه‌وه‌ به‌ره‌و به‌رده‌م کۆنگرێس چوون. ناڕه‌زایه‌تى ناو هۆڵى کانه‌ن نزیکه‌ى کاتژمێر 2:30ى پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێکرد. ڕێکخه‌ران ده‌ڵێن 300 بۆ 400 خۆپیشانده‌ران به‌شدارییان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌که‌ى نێو هۆڵى کانه‌ن له‌ کۆنگرێس کردبوو.

گروپى ڕێکخه‌رى خۆپیشاندانه‌که‌، ده‌نگى جووه‌کان بۆ ئاشتی، خۆى به‌ "گه‌وره‌ترین ڕێکخراوى پێشکه‌وتنخوازى جووى دژه‌ زایۆنیستى له‌ جیهاندا" وه‌سف ده‌کات.

ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆک بایدن له‌ ئیسرائیل بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل و کابینه‌ى جه‌نگى نه‌تانیاهۆ له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ کۆبووه‌وه‌ و پشتیوانى ئه‌مه‌ریکاى بۆ ئیسرائیل دووپاتکرده‌وه‌ و گوتى "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیوانیکردنتان. له‌ کاتێکدا کار ده‌که‌ن بۆ به‌رگریکردن له‌ گه‌له‌که‌تان، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ کارکردن له‌گه‌ڵ ئێوه‌ و هاوبه‌شه‌کان له‌ سه‌رانسه‌رى ناوچه‌که‌دا بۆ ڕێگریکردن له‌ کاره‌ساتى زیاتر به‌سه‌ر هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى بێتاوان".

نه‌تانیاهۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ حه‌ماس، که‌ کۆنترۆڵى که‌رتى غه‌ززه‌ى له‌ده‌ستدایه‌ و له‌ 7ى ئۆکتۆبه‌ردا هێرشێکى کوشنده‌ى له‌ ناوخۆى ئیسرائیل ئه‌نجامدا، به‌ ئه‌نقه‌ست خه‌ڵکى مه‌ده‌نى له‌ نزیک ئامانجه‌کان کۆده‌کاته‌وه‌ تا وه‌ک قه‌ڵغانى مرۆیى به‌کاریانبهێنێت.

به‌ڵام ناتانیاهۆ به‌ بایدنى گوت " له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونمان له‌م شه‌ڕه‌دا، ئیسرائیل هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى له‌ زیانه‌کان دوور بخه‌نه‌وه‌."

دواى ئه‌وه‌ى گروپى چه‌کدارى حه‌ماسى فه‌ڵه‌ستینییه‌کان له‌ حه‌وتى مانگى ده‌ هێرشێکى کتوپڕى کوشنده‌ى کرده‌ سه‌ر ئیسڕائیل و به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌ زیاتر له‌ 1300 که‌س له‌ ئیسڕائیل کوژران که‌ زۆربه‌یان هاووڵاتى سڤیل بوون.
له‌ تۆڵه‌ى ئه‌و هێرشه‌، ئیسڕائیل به‌ به‌رده‌وامى بۆردومانى غه‌زه‌ى کردووه‌ و به‌هۆى هێرشه‌کانه‌وه‌ زیاتر له‌ 3000 فه‌ڵه‌ستینى کوژراون، نزیکه‌ى 2.3 ملیۆن هاووڵاتیش ئاواره‌بوون.


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ