نێچیرڤان بارزانى ستایشى کابینه‌ى هه‌شته‌مى کردو پشتگیرییه‌کى خۆى بۆ کابینه‌ى داهاتوو دووپاتکرده‌وه‌

07.07.2019
جەماوەر نیوز
   نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات که‌ له‌ قۆناغێکى سه‌ختدا هه‌رێمى کوردستانى به‌ڕێوه‌ برد و به‌ گیانى یه‌کتیمى ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و قه‌یرانه‌کان بووه‌وه‌.

له‌ دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى حکوومه‌ت، ئێواره‌ى شه‌ممه‌ 6-7-2019، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، له‌ وته‌یه‌کدا سوپاسى هه‌موو لایه‌نه‌ به‌شداره‌کانى حکوومه‌تى کرد و هه‌موو پشتگیرییه‌کى خۆى بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى داهاتوو و کابینه‌ى دووپات کرده‌وه‌.



ئه‌مه‌ ده‌قى وته‌که‌یه‌تى:

براى خۆشه‌ویستم کاک قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان،

وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کان، تیمى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ڕاوێژکاران و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ى ئه‌مڕۆ لێره‌ ته‌شریفتان هێناوه‌،

ئێواره‌تان باش..

هه‌موو لایه‌کتان به‌ خێر بێن..

پێش کابینه‌ى نوێ که‌ په‌نا به‌ خوا به‌ زوویى ده‌ستپێده‌کات، ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌واڵه‌مان پێگه‌یشت به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ به‌ڕێز کاک قوباد تاڵه‌بانى وه‌کو جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌ت ده‌ستنیشان کراوه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌تا پیرۆزبایى له‌ خۆى و له‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌که‌م که‌ له‌ حزبه‌کانى دیکه‌ش ده‌ستنیشان کراون بۆ پۆستى وه‌زاره‌ته‌کان له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا.

من ده‌مه‌وێ له‌م ڕۆژه‌دا باسى هه‌ندێک شت بکه‌م که‌ له‌ ده‌ستپێکردنى کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، سه‌ره‌تایه‌کى زۆر خۆشمان به‌یه‌که‌وه‌ ده‌ستپێکرد، هه‌موومان وه‌کو تیم پێکه‌وه‌ له‌ ڕۆژى یه‌که‌مى کابینه‌که‌ هه‌وڵمان دا که‌ کارى باشتر له‌ هه‌موو بوارێکدا بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى کوردستان به‌ره‌و قۆناغێکى نوێ و به‌ره‌و قۆناغێکى باشتر بڕوات. زۆر به‌داخه‌وه‌ شانسى ئه‌وه‌مان زۆر نه‌بوو، هه‌ر له‌ ده‌ستپێکردنى ساڵى 2014 قه‌یرانى جددى له‌م وڵاته‌ به‌ بڕینى بودجه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا به‌ ‌بیانووى ئه‌وه‌ى که‌وا ئێمه‌ نه‌وتمان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ کردووه‌ ده‌ستى پێکرد، دواتر هاتنى نزیکه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى کوردستان، دابه‌زینى نرخى نه‌وت و هاتنى داعش که‌ بۆ ئێمه‌ شتێکى نوێ بوو له‌ هه‌رێمى کوردستان.

سنوورى ئێمه‌ هه‌زار و سه‌د کیلۆمه‌تر بوو، ئێمه‌ له‌ ‌جیاتى ئه‌وه‌ پێکه‌وه‌ بین و له‌ناو عێراق بین، سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو. له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا که‌ باوه‌ێ‌ ناکه‌م له‌ ساڵى نه‌وه‌د و یه‌که‌وه‌ کوردستان هه‌رگیز به‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌دا تێپه‌ڕیبێت، چ له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌، چ له‌ ڕووى ئابوورییه‌وه‌ و چ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه،‌ ته‌نها یه‌ک شت توانى وا بکات که‌ ئێمه‌ به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو شتانه‌ بگرین،‌ یه‌که‌میان تێگه‌یشتنى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان بوو له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ و دواى ئه‌وه‌ش پێکه‌وه‌کارکردنى ئێمه‌ وه‌کو تیم.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ به‌ ‌ڕاستى ئاماژه‌ بۆ ڕۆڵى براى خۆشه‌ویستم کاک قوباد تاڵه‌بانى بکه‌م وه‌کو جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران له‌ هه‌موو ئه‌و کارانه‌ى که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامى داوه‌. سوپاسى خۆى بکه‌م و سوپاسى تیمى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان بکه‌م که‌ هه‌ر هه‌موویان پێکه‌وه‌ مانه‌وه‌ و شانیان دا به‌ر ئه‌و سه‌ختى و ئه‌و ناخۆشییه‌ى که‌ له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌بوو له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایکرد ئێمه‌ بتوانین ئه‌مڕۆ لێره‌ بوه‌ستین که‌ کابینه‌یه‌کى تر له‌م ڕۆژانه‌دا پێکده‌هێنرێت، به‌ڵام گه‌ر باسى ئه‌و قۆناغه‌ بکه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ یه‌کگرتوویى و یه‌کڕیزى و یه‌کتیمیى ئێمه‌ نه‌بوایه،‌ ئێمه‌ سه‌رنه‌ده‌که‌وتین.

کاک قوباد به‌ هه‌موو ماناى وشه‌ ده‌وڵه‌تدارى کردووه‌، من ده‌زانم زۆر فشارى له‌سه‌ر بوو له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و کردى له‌و ماوه‌یه‌دا به‌بێ موجامه‌له‌ ده‌ڵێم وه‌کو هاوکارێک و برایه‌ک پێکه‌وه‌ کارمان کردووه‌، هه‌موو هه‌وڵێکى جددى داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کوردستان له‌ کاره‌کانیدا به‌ دامه‌زراوه‌یى بێت. هه‌وڵى داوه‌ چاکسازیى دروست له‌م وڵاته‌دا ئه‌نجام بدات و چاکسازى بکرێت و فشاریشى له‌سه‌ر بووه. من له‌وه‌ش تێده‌گه‌م که‌ قوناغ قوناغێکى نوێ بوو له‌و کاته‌دا و زه‌حمه‌ت بوو، ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ڕۆڵێکى زۆر گرنگى بینى له‌و چاکسازیانه‌ى که‌ ئێمه‌ له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا ئه‌نجاممان دا چ له‌ ڕووى شه‌فافییه‌ت له‌ پرسى نه‌وت، له‌ پرسى بایۆمه‌ترى و ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ى که‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى ئه‌نجاممان داوه‌، جێ په‌نجه‌ى دیاره‌ و هیوادارم له‌م قۆناغه‌ى ئێستاشدا په‌نا به‌خوا هاوکارى ته‌واوى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانیش ده‌بێت، هه‌ردووکیان پێکه‌وه‌ ده‌توانن قۆناغێکى باشتر له‌وه‌ى ڕابردوو په‌نا به‌خوا بنیات بنێن له‌ خزمه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستاندا.

بیرم دێت ئێمه‌ هه‌ر له‌م باڵه‌خانه‌یه‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌مان ده‌کرد بۆ ئه‌و قۆناغه‌ سه‌ختانه‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان هاتبوونه‌ پێش، بۆ من وه‌ک شه‌خس و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران کاک قوباد، پێموایه‌ گه‌وره‌ترین و سه‌ختترین بڕیار ئه‌وه‌ بوو ئێمه‌ مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌م بکه‌ینه‌وه‌، سه‌ختترین بڕیار بوو له‌ ژیانى سیاسیى ئێمه‌دا.

ده‌مه‌وێ لێره‌ به‌بیر خۆمى بهێنمه‌وه‌ که‌ تێگه‌یشتنى هاووڵاتیان و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ئێمه‌ى له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگار کرد و ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بووایه‌، ئه‌سته‌م بوو ئێمه‌ بتوانین ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێنین، به‌ڵام تێگه‌یشتن هه‌بوو، کێشه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌بوو، به‌ڵام تێگه‌یشتن بۆ دۆخى هه‌رێمى کوردستان وایکرد ئێمه‌ توانیمان به‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌دا سه‌رکه‌وین و سوپاس بۆ خوا ئه‌مڕۆ بۆ چه‌ند مانگێکه‌ مووچه‌ى مووچه‌خۆران وه‌ک خۆى ده‌درێت و هیوادارین له‌ ئاینده‌شدا ئه‌وه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و هیواى ئه‌و ڕۆژه‌ ناخوازین.

ده‌مه‌وێ سوپاسى ئه‌و لایه‌نانه‌ش بکه‌م وه‌ک گوتم وه‌کو یه‌ک تیم پێکه‌وه‌ کارمان کرد و پێکه‌وه‌ هاتینه‌ ناو حکوومه‌ت. زۆر ئاساییه‌ و ڕاسته‌ هه‌ڵوێستى سیاسى وایکرد ئێمه‌ له‌ یه‌کترى دابڕاین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ که‌ پێکه‌وه‌ کارمان کردووه‌، هیچ وشه‌یه‌کم نییه‌ لێره‌دا بیڵێم ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت که‌ پێ‌ به‌دڵ سوپاسى هه‌ریه‌که‌تان ده‌که‌م چ ئه‌وانه‌ى که‌ له‌ ده‌ستپێکردن پێکه‌وه‌ کارمان کرد و چ ئه‌وانه‌ى که‌ دواى ئه‌وه‌ش ئێمه‌ پێکه‌وه‌ ماینه‌وه‌ له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا. ئیراده‌ى هه‌موولایه‌کمان به‌یه‌که‌وه‌ ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ئه‌م ڕۆژه‌، ده‌مه‌وێ لێره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م سوپاسێکى تایبه‌تى کاک ڕێباز حه‌ملان بکه‌م که‌ له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا وه‌کو وه‌زیرى دارایى دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ وه‌زاره‌ت، کارى زۆر باش و خزمه‌تێکى باشى پێشکه‌ش کرد و ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ سوپاسى بکه‌م.

سوپاسى ئه‌و وه‌زیرانه‌ ده‌که‌م که‌ ناچارب وون جیا له‌ وه‌زاره‌تى خۆیان به‌ وه‌کاله‌ت کاروبارى وه‌زاره‌تێکى دیکه‌ش به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، هه‌م ئیش و کارى وه‌زاره‌ته‌کانى خۆیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد و هه‌م وه‌زاره‌ته‌کانى دیکه‌. ده‌مه‌وێ سوپاسیان بکه‌م، دۆخه‌که‌ ناخۆش بوو و نامه‌وێ بچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ورده‌کاریانه‌، چونکه‌ له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌ بێگومان هه‌موو ئامانجێک ئه‌وه‌ بوو ئه‌و حکوومه‌ته‌ بڕووخێت و کاریان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ى حکوومه‌ت نه‌مینێت، ئینجا جۆره‌ها وشه‌و و ناویان دۆزیبووه‌وه‌، وه‌ک حکوومه‌تى ئینقازى وه‌ته‌نی، حکوومه‌تى کاربه‌رێکه‌ر.

ئه‌گه‌ر تۆزێک بچینه‌ دواوه‌ و به‌بیر خۆمانى بهێنینه‌وه‌، ئه‌م چوار پێنج ساڵه‌ زۆر سه‌خت بوون. بۆ هه‌ر هه‌مووتان سه‌خت بوو نه‌ک بۆ من ته‌نیا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌بیرمان نه‌چێت سه‌رکه‌وتنى ئێمه‌ به‌وه‌ بوو که‌ توانیمان پێکه‌وه‌ کاره‌کان بکه‌ین و له‌ قه‌یرانه‌ ده‌رچووین که‌ به‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانى گرتبوو. به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رچووین و ئاینده‌یه‌کى گه‌شتر بۆ وڵاته‌که‌مان و په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ و به‌غدا چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین. پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ قوناغێکى نوێیه‌ و هه‌رێمى کوردستان دووپاتى ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌یه‌وێت کێشه‌کانى خۆى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات.

کێشه‌کان و کێشه‌ى کورد له‌ عێراق هه‌ر ته‌نها دواى ساڵى 2003 نه‌بووه‌، پێش ئه‌م به‌رواره‌ش بووه‌، ئه‌وه‌ى که‌ گرنگه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت به‌غدا ده‌رک به‌وه‌ بکات که‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌رێمێکى فیدرالییه‌ به‌پێى ده‌ستوورى عێراق و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتینه‌ ئه‌م لێکگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌، پێموایه‌ ئه‌و کێشانه‌ى له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا هه‌یه‌، چاره‌سه‌ر ده‌کرێن.

بێگومان له‌م ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌دا ده‌مه‌وێ یادى ئه‌و ئازیزانه‌ به‌بیرخۆمان بێنینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى له‌پێناو به‌رگریکردن له‌ کوردستان گیانیان کرده‌ قوربانی. سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ داده‌نوێنین و هیواى چاکبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین. سوپاسى ده‌زگا ئه‌منییه‌کان پۆلیس، ئاسایش، فریاکه‌وتن و هه‌موو ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ ده‌که‌ین که‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌کاندا نه‌یانهێشت کوردستان به‌ره‌و ئاقارێکى خراپ بڕوات. سوپاسى کارمه‌ندان ده‌که‌ین، هه‌ریه‌که‌یان له‌ شوێنى خۆیان مانه‌وه‌ و شه‌و و ڕۆژیان کرده‌ یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌ دروست نه‌بێت. پێ‌ به‌دڵ سوپاسى ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌که‌م که‌ نه‌یانهێشت خوێندن له‌ هه‌رێمى کوردستاندا بوه‌ستێت و به‌رده‌وام بوون له‌ فێرکردنى خه‌ڵکى ئێمه‌ و مناڵه‌کانى ئێمه‌.

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌م ڕۆژانه‌ بکه‌ین و ئه‌مڕۆ ببینین، ده‌بینین که‌ له‌ قۆناغێکى ته‌واو نوێداین، ده‌بینین ئێمه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌کى گه‌شتر ده‌ڕۆین، ده‌بینین که‌ کوردستان به‌ره‌و ئاسۆیه‌کى گه‌شتر ده‌ڕوات و هه‌مووى له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌ بووه‌. ڕاسته‌ وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌و شه‌ره‌فه‌م هه‌بووه‌، ئه‌و باوه‌ڕه‌شم هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێزدا، به‌ڵام پێکه‌وه‌ بووین و هیچ کات داهێنانه‌که‌ هى یه‌ک که‌س نه‌بووه‌ و هى من نه‌بووه‌، یان هى کاک قوباد نه‌بووه‌، به‌ڵکو هى هه‌ر هه‌مووتان بووه‌ و هه‌موومان پێکه‌وه‌ کارمان کردووه‌ و توانیومانه‌ ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ به‌ده‌ست بهێنین.

نامه‌وێ زیاتر له‌مه‌ درێژه‌ به‌ قسه‌کانى خۆم بده‌م، په‌نا به‌خوا له‌م ڕۆژانه‌دا کابینه‌ى نوێ ده‌ست به‌ کاره‌کانى ده‌کات، ده‌مه‌وێ دووپاتى بکه‌مه‌وه‌ له‌ پێگه‌ى خۆم وه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پاڵپشتێکى ته‌واو ده‌بم بۆ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى نوێ و دڵنیاشم له‌وه‌ى که‌ به‌ڕێزیان ده‌توانێت به‌باشى ئه‌م ئه‌رکه‌ سه‌خته‌ به‌ڕێوه‌ ببات. دڵنیام پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کاک قوباد و ئه‌و تیمه‌ى که‌ له‌گه‌ڵیدایه‌ له‌و حزبانه‌ى به‌شدارن له‌ حکوومه‌تدا، ده‌توانن کارى باش بکه‌ن و ئه‌وانه‌ى که‌ ئۆپۆزسیۆنیشن ده‌توانن ڕۆڵى ئه‌رێنى خۆیان ببینن و پاڵپشتێکى گه‌وره‌ بن بۆ پێشخستنى کوردستان و پێشخستنى ئه‌و دۆخه‌ى که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان‌ هه‌مانه‌.

دووباره‌ به‌خێرهاتنى هه‌موولایه‌کتان ده‌که‌م و هه‌مووتان به‌خێر بێن.

ئێواره‌یه‌کى خۆش بۆ هه‌موو لایه‌کتان.




زۆرترین خوێندراو