نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ د. ڕێواز فایه‌ق ده‌کات

13.07.2019
جەماوەر نیوز
به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنى به‌سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان په‌یامێکى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى د.ڕێواز فایه‌ق کرد که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

به‌ڕێز خاتوو د. ڕێواز فایه‌ق،
سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان

به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنى به‌ڕێزتانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌گه‌رمى پیرۆزباییتان لێده‌که‌م و هیواى سه‌رکه‌وتن بۆ خۆتان بۆ په‌رله‌مانى کوردستان بۆ ده‌خوازم.

په‌رله‌مانى کوردستان ڕۆڵى کاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ چه‌سپاندنى یاساییى مافه‌کانى گه‌لى کوردستان و ڕێکخستنى ژیانى مه‌ده‌نى و ئیدارى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕێگه‌ى ده‌رکردنى یاسا و بڕیاره‌ پێویسته‌کانه‌وه‌. هیوادارم به‌ ئه‌زموون و شاره‌زاییتان له‌ کارى په‌رله‌مانى و به‌ هاوکاریى هه‌موو فراکسیۆنه‌کان، خزمه‌تێکى باشتر به‌ قۆناغى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.

ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان پاڵپشت و هاوکار ده‌بین بۆ سه‌رخستنى کاره‌کانى په‌رله‌مان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌پێناو قووڵکردنه‌وه‌ى ئه‌زموونى دیموکراسى و به‌ره‌وپێشبردنى سیسته‌مى حوکمڕانى له‌ هه‌رێمى کوردستان.

له‌گه‌ڵ ڕێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان

 


زۆرترین خوێندراو