سه‌رۆک کۆمار جه‌خت له‌ په‌رۆشى عێراق ده‌کاته‌وه‌ بۆ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌وروپادا

13.07.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمارى عێراق جه‌ختى له‌ په‌رۆشى عێراق کرده‌وه‌ بۆ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى له‌ پێناو به‌دیهێنانى ئاشتى و ئارامى و ئاسایى کردنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ و کۆتایى هێنان به‌ قه‌یرانه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ و جیهاندا.
 
سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ١٣-٧-٢٠١٩ له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیکرد له‌ نوێنه‌رى باڵا بۆ سیاسه‌تى ئاسایش و کاروبارى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپا فیدیریکا مۆگرینی.

له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار ته‌ئکیدیکرده‌وه‌ له‌ پێویستى کارى هاوبه‌ش بۆ به‌ دوورگرتنى گه‌لانى ناوچه‌که‌ له‌ نه‌هامه‌تى جه‌نگ، هاوکات ئاماژه‌ى کرد به‌گرنگى هه‌ماهه‌نگى و راوێژ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌وروپادا له‌ باره‌ى په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى ناوچه‌که‌.
     
هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ى به‌گرنگى سود وه‌رگرتن له‌ شاره‌زایى و ئه‌زمونى ئه‌وروپییه‌کان کرد له‌ بنیادنانه‌وه‌ى شاره‌ رزگارکراوه‌کان و پاڵپشتیکردنى عێراق له‌ یارمه‌تیدان و دابینکردنى که‌شێکى ئارام و سه‌قامگیر بۆ ئاواره‌کان، هه‌روه‌ها به‌شداریکردنى یه‌کێتى ئه‌وروپاى له‌ پرۆژه‌ى بنیادنانه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى مرۆیى له‌ عێراقدا. 

له‌لاى خۆیه‌وه‌ فیدیریکا مۆگرینى به‌بایه‌خه‌وه‌ باسى ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ کرد که‌ له‌ عێراق به‌دیهاتووه‌، هاوکات پاڵپشتى یه‌کێتى ئه‌وروپاى بۆ سه‌قامگیرى عێراق و سیاسه‌تى هاوسه‌نگ له‌ باره‌ى کێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه‌ ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها په‌به‌ندبوونى به‌ کارکردن له‌گه‌ڵ عێراق دووپاتکرده‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى که‌ له‌ کۆنگره‌ى بنیادنانه‌وه‌ عێراق که‌ ساڵى رابردوو له‌ کوه‌یت ئه‌نجامدرا له‌ پێناو ده‌سته‌به‌رکردنى داهاتوویه‌کى باشتر بۆ گه‌لى عێراق.


زۆرترین خوێندراو