تورکیا و ئەندامێتی سوید و فینلەند لەناتۆ
25.05.2022

شادمان ڕۆستەم
دوای ٢٠٠ ساڵ بێلایەنی و بەشدارینەکردن لە ھیچ شەڕ و جەنگێک، دواجار سوید لەگەڵ فینلەندی ھاوسێی داواکاریان پێشکەشکرد بۆ پەیوەستبون بە ھاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی«ناتۆ»وە. ئەندامێتی سوید و فینلەند، بەتایبەت سوید، ناتۆ بەھێزتر و متمانەدارتر دەکات، چونکە وڵاتەکە جگەلەوەی نزیکەی دوو سەدەیە بێلایەن بووە، ئەڵبەت خوێندنەوەی وردی ھەبووە بۆ قۆناغەکە، بۆیە لە ئێستادا خۆی بۆ لایەک یەکلایی کردوەتەوە چیتر بێلایەن نابێت، لە ھەمانکاتدا سوید لە ڕووی بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤەوە لە لوتکەدایە و ھاوڕێیەتی و ھاوپەیمانێتیان جگە لە شانازی و ئەزمونی دەوڵەمەند ھیچ سەرئێشەیەک بۆ لایەنی بەرامبەر دروستناکات. ھەر ئەم فاکتەش بو لەگەڵ ھەواڵی پەیوەستبونی سوید بە ناتۆ وە بووە مایەی خۆشحاڵی ٢٩ وڵاتی نێو ھاوپەیمانێتیەکە لە کۆی ٣٠ وڵات. بۆ ئەمریکا و خودی جۆبایدن ی سەرۆکی وڵاتەکە، بنیادنان و بەھێزکردنی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ سوید لەم قۆناغە دژوارەی کە جیھانی پێدا گوزەر دەکات، تای تەرازوەکەی لە بەرامبەر لایەنە ڕکابەرەکانی لەنێوخۆی وڵاتەکەی قورستر دەکات کە بەم دواییانە کشانەوەی ھێزەکانیان لە ئەفغانستان و قەیرانی پەتای کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دەنگ و قورسایی ھەبووە. لە کۆی ٣٠ ئەندامی ناتۆ، تورکیا تەنھا وڵاتە دژی ئەندامبونی سوید و فینلەندە و ڤیتۆی ھەیە بەرامبەریان. تورکیا ئەو دوو وڵاتە تۆمەتباردەکات بە پشتیوانی تیرۆر کە مەبەستی ڕێکخراوی پەکەکە و ھێزەکانی سوریای دیموکراتە. سەرەڕای کۆتایھێنان بە پشتیوانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەو ھێزانە، تورکیا داوای تەسلیمکردنی لیستێک لە لایەنگر و خەڵکی چالاکی ئەو ھێزانە دەکات کە لە سوید و فینلەند نیشتەجێن. لەگەڵ ئەوانەدا، مەرجێکی تری تورکیا کۆتاییھێنانی بڕیاری بایکۆتی فرۆشتنی چەکی سوید و فینلەندە بە وڵاتەکەیان(لەسەروەختی داگیرکارییەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوا، سوید و فینلەند بڕیاریاندا چیتر چەک بە تورکیا نەفرۆشن). مەرج و داخوازییەکانی تورکیاجگەلەوەی بەجدی وەرنەگیراوە، بگرە بوەتە مایەی توانج و ھەواڵی کۆمیدی نێو ڕۆژنامەکانی ئەوروپا و سوید. بۆ نمونە یەکێک لە ڕۆژنامەکان ئاماژەی بە کەسێکداوە کە ناوی لەنێو ئەو لیستە ٣٣ کەسیەدایە کە تورکیا گەرەکیەتی سوید تەسلیمیان بکات، ئەو کەسە بەر لە ٧ ساڵ کۆچیدواییکردوە. یەکێکیتر لە داواکراوەکان خانمێکە کە ئەندامی پەرلەمانی سویدە، جگە لە بەرپرسیارێتیەکەی ئەو خانمە لە بنەچەدا خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. ھەموو ئەو قەید و شەرتانەی تورکیا ھەیەتی، بەتەواوی پێچەوانەی بنەما بنچینەییەکانی یاسای سویدە ، چونکە زۆرینەی داواکراوەکان ڕەگەزنامەی سویدییان ھەیە و تەسلیمکردنیان بە دەسەڵاتێکی وەک ئەوەی ئەمڕۆی تورکیا نایاساییە. داواکارییەکانی تورکیا لە سوید خەڵکی وڵاتەکەی توڕەکردوە و تا ئەو ئاستەی کە پەشیمانبونەوە لە ناتۆ بەشیاوتر بزانن وەک لە ملدان بۆ داواکارییەکانی تورکیا. ڕاستە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و بەپێی دەستوری ھاوپەیمانێتیەکە ھەموو ئەندامێک مافی ڤیتۆی ھەیە، بەڵام تورکیا قورساییەکی ئەوتۆی نیە تا بتوانێت ڕێگری بکات لە ئەندامبونی سوید و فینلەند، چونکە ناتۆ ھاوکاری و پشتیوانیەکانی تورکیا بۆ گروپە جیھادییەکانی عێراق و سوریای لەپێشچاوە و ئەو لایەنەش کە سوید و فینلەندی ناچار بە پەنابردن بۆ ناتۆ کردوە ڕوسیا و سەرکێشیەکانیەتی، ئەو ڕوسیایەی کە تورکیا بە ھەر نرخێک بێت دۆستایەتی خۆی لەگەڵیدا دەپارێزێت، ھەر بۆ پاراستنی ئەو دۆستایەتیە، تورکیا دژی بنەماکانی ناتۆ وەستایەوە و سیستمی S-400 ی لە ڕوسەکان کڕی. ڤیتۆی تورکیا نەک ڕێگری ناکات لە ئەندامبونی سوید و فینلەند لە نێو ناتۆ بەڵکو خەڵک و وڵاتانی نێو ھاوپەیمانێتیەکەش گومانەکانیان لە بەرامبەر تورکیا زیاتر بووە و چیتر بۆ ئەوان تورکیا ھێلکە پیسەکەی نێو سەبەتەکەیە کە درەنگ یان زوو ھەر دەبێت فڕێ بدرێت. ئەندرێس فۆغ ڕاسموسێن،سکرتێری گشتی ناتۆ لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ کە لەھەمانکاتدا سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە ڕادیۆکانی سوید دەڵێت: لەکۆتاییدا داواکاری سوید و فینلەند بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ قبوڵدەکرێت،چونکە تورکیا ئەو قورساییەی نیە لە ناتۆ کە بتوانێت ڕێگری لە ئەندامبونی ئەو دوو وڵاتە بگرێت. سکرتێری پێشوی ناتۆ ئەم قسانەی لەڕوانگەی ئەزمونەکانی خۆیەوە دەکات لە ناتۆ، ناوبراو لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: ساڵی ٢٠٠٩ تورکیا دژی من بو کە ببمە سکرتێری گشتی ناتۆ، بەڵام لەکۆتاییدا ناچار بوو وەک تەواوی وڵاتانی نێو ھاوپەیمانێتیەکە لە بەرژەوەندی من دەنگ بدات بەبێ دەستکەوتنی ھیچ قازانجێک بۆ تورکیا کە شایەنی باسبێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

وتارەکانی تری نوسەر

زۆرترین خوێندراو