کۆمسیۆن: کاتژمێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات

08.11.2025
جەماوەر نیوز
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سبەینێ دەستپێدەکات و زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس، مافی دەنگدانیان هەیە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “دەنگدانی تایبەت سبەینێ یەکشەممە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوامدەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ملیۆنێک و 313 هەزار و 890 کەس لە هەڵبژاردنی تایبەتدا، مافی دەنگدانیان هەیە و 809 ناوەندی دەنگدان بۆ ئەو دەنگدەرانە دیاریکراون، لەگەڵ چوار هەزار و 501 بنکە.
باسی لەوەشکرد، دەنگدانی تایبەت بۆ ئاوارەکانیش لە هەمان رۆژ و هەمان کات دەستپێدەکات، کە ژمارەی ئەو دەنگدەرانە 26 هەزار و 538 کەسە لە 27 ناوەندی دەنگدان و 97 بنکە، دەنگ دەدەن.

بابەتی هاوشێوە