وەزیری کارەبا: ئەگەر زیان بە کۆگاکان نەگەیشتبێت لە 48 کاتژمێردا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

27.11.2025
جەماوەر نیوز
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت نزیکەی سێ هەزار مێگاوات ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە و بەمەیش پێشبینی دەکەین "شەش بۆ هەشت کاتژمێر بتوانین کارەبا دابین بکەین."

 کاتژمێر 11:30ـی شەوی ڕابردوو، هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە بەشێکی کێڵگەکە گڕی گرتوو و هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا، هاوکات ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و زیانی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە.

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، "ئەگەر زیانەکان تەنیا بۆ خەزانەکان بێت، پێشبینی دەکەین لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێردا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."

وەزیری کارەبا وتیشی، "تیمی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە نزیک کێڵگەکەن بۆ خەمڵاندنی زیانەکان، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی لێكۆڵینەوەی ئەمنی تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزانراون."

پێشووتر لە ڕۆژێکدا چوار هەزار مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهات، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنان دابەزیوە. بەگوتەی وەزیری کارەبا، نزیکەی سێ هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە، بەمەیش 6 بۆ 8 کاتژمێر دەتوانین کارەبا دابین بکەن.

سەبارەت بە کەم بوونەوەی غازی شلی ماڵان و گرانبوونی نرخەکەی، کەمال محەممەد نەیشاردەوە کە داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردبوو بۆ ئەوەی غازی شل دابین بکەن، جەختیشی کردەوە کە هیچ کێشەیەک لەبڕ و نرخی غاز نییە و گران نابێت.

بابەتی هاوشێوە