قایمقامی تەقتەق: لافاو زیانی بە زیاتر لە 230 جووتیار و خاوەن حەوزی ماسی گەیاندووە

12.12.2025
جەماوەر نیوز
قایمقامی تەقتەق دەڵێت، لافاو زیانی بە زیاتر لە 230 خاوەن حەوزی ماسی، جووتیار، باخەوان، ئاژەڵدار و خاوەن پڕۆژەی گەشتیاری گەیاندووە. راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی ناردنی لیژنەیەکی بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و قەرەبووی زیانلێکەوتووانی داوە.
رۆژی هەینی، 12-12-2025 ئاسۆ مستەفا، قایمقامی تەقتەق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا ئاماری سەرەتایی تایبەت بە زیانەکانی لافاوەکەی ئەم داوییانەی لە سنووری قەزاکە خستەڕوو و رایگەیاند، ''بەهۆی ئامادەکارییەکانەوە لە نێوشار، لافاوەکە هیچ زیانێکی مادی و گیانی لێنەکەوتووەتەوە''.

بەگوتەی ئاسۆ مستەفا، بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک 2.5 بۆ 3 مەتر بەرزبووەوە، زیانێکی زۆر بە گوندنشینانی سنووری قەزاکە کەوتووە و ''لافاوەکە پڕۆژە گەشتیارییەکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و حەوزەکانی ماسی تێکداوە.''

قایمقامی تەقتەق ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی دروستبوونی لافاوەکەدا، تیمەکانی فریاگوزاری و بنکەی مەلەوانیی قەزاکە، لانیکەم 25 کەسیان رزگار کردووە کە لە زێی بچووکدا گیریان خواردبوو.

چەند لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی لافاو سەردانی گوندەکانی سەر بە قەزای تەقتەقیان کردووە. وەک ئاسۆ مستەفا دەڵێت، ''بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەیەکی زۆر جووتیار، باخەوان، ئاژەڵدار، خاوەن پڕۆژەی گەشتیاری و خاوەن حەوزی ماسی زەرەرمەند بوون.''

ئامارە سەرەتاییەکان بەوشێوەیەن:
-گوندی کانی لەلە: 61 جووتیار و باخەوان، ئاژەڵدار و خاوەن حەوزی ماسی
-گوندی باغەجنێر: 4 جووتیار 
-گوندی سەرکەڵەک: 20 جووتیار
-گوندی کانیە رەش: 29 جووتیار
-گوندی گەرمک: 29 جووتیار
-گوندی مخەڕەس: 20 جووتیار 
-گوندی مەلازیادە: 11 جووتیار
-گوندی ساتۆقەڵا: 6 جووتیار
-گوندی چۆم حەیدەر: 49 جووتیار

بەگوتەی ئاسۆ مستەفا، زیانی زۆر بەر چوار پڕۆژەی گەشتیاریی گەورەی سنوورەکەش کەوتووە کە لەسەر زێی بچووک دروست کراون.

قایمقامی تەقتەق ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی پەرلەمانتارانی کوردەوە، پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کراوە و ''بەڵێنی ناردنی لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ تەقتەق داوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری زیانەکان بێت و بەپێی یاسا و رێنماییەکان قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە''.

وەک ئاسۆ مستەفا دەڵێت، لە رێگەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریشەوە، سەرجەم ئامار و داتاکانی تایبەت بە قەبارەی زیانەکان بەرزکراونەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لەوێشەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

قەزای تەقتەق (90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێر)، زۆرترین حەوزی ماسیی تێدایە لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان کە زۆربەی حەوزەکان لەسەر لێواری زێی بچووک دروستکراون و بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەر حەوزێک سێ تاوەکو 10 هەزار ماسی تێدابووە.

لە رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.

بابەتی هاوشێوە