داعش بەرپرسیارێتیی کوشتنی چوار کارمەندی ئەمنیی لە ئیدلب لە ئەستۆ گرت

16.12.2025
جەماوەر نیوز
گرووپی هەواڵگریی سایت (SITE) رایگەیاند، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی سەر ئیدلب راگەیاندووە، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی سووریا. 

رۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، گرووپی سایت کە چاودێری رێکخراوە پەرگیرەکان دەکات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوێنێ، سەربازانی خەلافەت بە رەشاش، هێرشیان کردە سەر دەوریەیەکی حکومەتی هەڵگەڕاوەی سووریا لەسەر رێگەی معەرەت نوعمان." 

وەزارەتی ناوخۆی سووریا، رۆژی یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردبووەوە کە چوار ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رێگەوبانەکان کوژراون و ئەندامی پێنجەمیشیان بریندار بووە، کاتێک لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیدا دەوریەکەیان کراوەتە ئامانج.

داعش، کە پێش شکستی سەربازی لە ساڵی 2019، کۆنترۆڵی بەشێکی بەرفراوانی خاکی سووریا و عێراقی کردبوو، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هێرشێکی بەرفراوانی ئیسلامییەکان لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چالاکییەکانی سنووردار کردبووەوە، بەڵام هێشتا وەکو هەڕەشەیەکی ئەمنی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا ماوەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، رێکخراوەکە یەکەم هێرشی خۆی لە دژی دەسەڵاتە نوێی سووریا لە 30ی ئایاردا راگەیاند، کاتێک ئاماژەی بەوەدا کە "بۆمبێکی چێندراو"ی بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی حکومەتی نوێدا تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

حکومەتی نوێی دیمەشق، زۆرجار ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی فراوانی لە دژی شانە نووستووەکانی داعش راگەیاندووە. دواترین هەماهەنگی لەم چوارچێوەیەدا شانبەشانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بوو، کە ئامانجیان پاککردنەوەی بیابانی سووریا بوو لە پاشماوەکانی رێکخراوەکە، بەتایبەتی دوای هێرشەکەی رۆژی شەممە کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی سڤیل لە شاری تەدمور.

هەردوو حکومەتی واشنتن و دیمەشق، پەنجەی تۆمەتیان بۆ داعش درێژ کرد سەبارەت بە هێرشەکەی تەدمور، هەرچەندە رێکخراوەکە تاوەکو ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشەکەی تەدموردا، سێ کەس بە گومانی تێوەگلان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە، نوورەددین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە بکەری سەرەکیی هێرشەکە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بووە و پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ دەرچووبوو بەهۆی هەبوونی "بیروباوەڕی ئیسلامیی تووندئاژۆیانە."

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی سووریا، کە ئەویش بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کرد، وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و گوتی، چەکدارە هێرشبەرەکە "بۆ ماوەی زیاتر لە 10 مانگ" لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تەدمور، لە چەندین شاری دیکەدا خزمەتی کردووە.

بابەتی هاوشێوە