حکومەت لە 50%ی قەرزی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خۆشبوو

16.12.2025
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە قەرزی سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.
شێروان عەوڵا ڕایگەیاند، قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2025 کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکان هەبووە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش پشکیان لەم زیانانە بەرکەوتووە.
وتیشی، “جگە لە قەیرانی دارایی، دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیاڵ میدیا) و گواستنەوەی ڕێکلامەکان بۆ ئەو پلاتفۆرمانە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و قازانجی تەلەفزیۆن و کەناڵەکان”.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن باسی لەوەشکرد، لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێشنیازێکیان ئاراستەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کردووە و دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران کاری لەسەر کراوە و پەسەند کراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، حکومەت لە 50%ــی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خۆش دەبێت، ئەمەش وەک هاوکارییەک بۆ ئەوەی بتوانن پابەندبوونی داراییان جێبەجێ بکەن.
سەبارەت بە مەرجەکانی بڕیارەکە، ناوبراو جەختی کردەوە کە کەناڵەکان دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئەو 50%ـەی قەرزەکەی کە دەمێنێتەوە، بە یەک گوژمە بدەنەوە.
شیروان عەوڵا هۆشداریی دا ئەگەر لەو ماوەیەدا قەرزەکە نەدرێتەوە، ئەوا بەگوێرەی زانیارییەکان ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە، لەجیاتی ئەوەی کەناڵەکانیان دابخرێت یان پەخشەکەیان ڕابگیرێت.

بابەتی هاوشێوە