ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

17.12.2025
جەماوەر نیوز
ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
ڕۆژی سێشەممە ۱٦ـی کانوونی یەکەمی ۲٠۲٥ لەهۆڵی شەهید عەتا لە شاری سلێمانی، بەسەرپەرشتی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود دواین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە ساڵی ۲٠۲٥ـدا بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی گەلەکەمان و قوربانیانی کارەساتی لافاوەکەی شاری چەمچەماڵ دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود بە تێر و تەسەلی باسی لە بارودۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتیی و کوردستان بەتایبەتی کرد، سەبارەت بە کارەساتەکەی شاری چەمچەماڵ کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاونیشتمانی و زەرەر و زیانێکی زۆر بۆ خەڵکی ستەمدیدە و خانەوادە و کەسوکاری ئەنفالکراوان، هاوخەمی وپەرۆشی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی بۆ خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری ئەو شارە دووپاتکردەوە و هەروەها ڕایگەیاند پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری و ڕێگری بکەن لە دووبارە بوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە ئەویش بە دروستکردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی باراناو لە ناوچە جیاوازەکان و پێشخستنی زانستی ئەندازیاری لە ڕووە جیاوازەکانەوە، دواتر سوپاسی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە بەتەنگ خەمی ئەو خەڵکەوە چوون و هاوکار و پشتیوانیان بوون، لەو چوارچێوەیەشدا دەزگای خێرخوازی شەهید عەتا.
پەیوەست بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، بەڕێزیان تەئکیدی لە گرنگی کاراکردنەوەی پەڕلەمان و پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە کە فاکتەری بەهێزن بۆ یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی کورد لە بەغدا و دەستەبەرکردنی مافە دەستوریی و یاساییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئاشکرایە زۆرێک لە کاربەدەستانی بەغدا لەپیلانگێڕی بەردەوامدان بۆ زەوتکردنی ماف و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە جێگەی خۆیەتی بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە، لەپاڵ یەکدەنگی هێزە کوردستانییەکان، بڕیار لە گۆڕینی شاندەکانی دانوستانکاریش بدرێت، چونکە لەماوەکانی ڕابردوودا نەیانتوانیوە وەک پێویست نوێنەراتی گەلەکەمان بکەن و ڕێککەوتنەکانیان کۆنکرێتی نەبووە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی کاروبارەکانی حزب لەڕووی ڕێکخستن، پەیوەندیەکان و داراییەوە، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان بڕیاری پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لە چەند دەزگا و ئۆرگانێکدا درا لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی حزب.
مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
۱٦ـی کانوونی یەکەمی ۲٠۲٥

بابەتی هاوشێوە