وەزارەتى دارایی: لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر پارەکە ڕەوانە دەکەن

18.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگی تشرینی یەکەمی ئامادە کردووە و تەنیا چاوەڕوانی ئاماژەیەکی بەغدادە بۆ ناردنی.
چاوەڕێی بەشی ژمێریاریی عێراقن
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، تەواوی بڕی 120 ملیار دینارەکە کە داهاتی نانەوتیی مانگی 10ـیە ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن تاوەکو دەستپێکردنی ڕێکارەکانی مووچە ڕابگەیێنن.
میکانیزمی ناردنی پارەکە
بەرپرسەکەی دارایی ڕوونی کردەوە، کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچە دەکات، ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە. لەو کاتەدا هەرێم داهاتە نانەوتییەکان بە کاش دەخاتە سەر هەژماری دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
لە ماوەی 24 کاتژمێردا
لەبارەى کاتی ناردنەکە، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، پارەکە ئامادەیەو هەرکاتێک ئاماژەیان لە بەغدادەوە پێ بگات، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا پارەکە ڕەوانە دەکەن.

بابەتی هاوشێوە