“ڕێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ کوردێک لە کەرکووک”

18.12.2025
جەماوەر نیوز
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەی ھاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، ئاڵای کوردستان بەپێی دەستووری عێراق ڕێگەپێدراوە و چەند  گەنجێک ویستوویانە یادی ئاڵا بکەنەوە، بەڵام ڕێگرییان لێ کراوە و ھەوڵی دەستگیرکردنیان دراوە، بەڵام ئێمە لەسەر هێڵ دەبین و ڕێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر ھیچ گەنجێکی کورد لە کەرکووک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیوا فایەق مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەی ھاوبەشەکانی عێراق، ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا چەند گەنجێکی کوردی شاری کەرکووک ویستوویانە ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک ھەڵبدەن و ھێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردبوون و ھەوڵی دەستگیرکردنیان دابوون.
وتیشی: “ئێمە ھەڵوێستمان دەبێت لە ئەگەری دەستگیرکردنی ھەر گەنجێک و پەیامی حکوومەتی ھەرێم دەگەیەنین، کە ئەوە جێگەی قبووڵکردن نییە، چونکە ئەو کارەی کردوویانە پێچەوانەی دەستوور نییە و دەستوور دانی بە ئاڵای کوردستاندا ناوە، بەداخەوە ئەوان ھیچ کات پابەندی دەستوور نەبوون تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان نەبێت”.
لیوا فایەق ڕاشیگەیاند، ئەو کارەی کراوە، دەیگەیەنینە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق و لە بەدواداچوونیشی بەردەوام دەبین لە بارەی ئەو گەنجانە، بۆیە ڕێگە نادەین گەنجانی کورد دەستگیر بکرێن و پارێزگارییان لێ دەکەین، چونکە ئەوانە تەنیا ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە و ھیچ ھەڵەیەکیان ئەنجام نەداوە، بۆیە خۆمان بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبین و ڕێگە نادەین دەستدریژی بکرێتە سەر ھیچ کوردێک.

بابەتی هاوشێوە