پرۆسەیەک لە بەرژەوەندی مامۆستایانی گرێبەست دەستیپێکرد

20.12.2025
جەماوەر نیوز
عەلی ڕەئووف: ناوی مامۆستایان ڕەوانەی بانکەکان کراوە و ئەمە هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی.
عەلی ڕەئووف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، زانیاریی نوێ و وردی دەربارەی چارەنووسی مامۆستایانی گرێبەست ئاشکرا کرد و مژدەی نوێ دەداتە ئەو توێژە.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست، پڕۆسەی دروستکردنی کۆدی (UPN) بۆ مامۆستایانی گرێبەست کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا ناوەکانیان بە فەرمی ڕەوانەی بانکەکان کراوە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان.
عەلی ڕەئووف ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم هەنگاوە گرنگییەکی زۆری هەیە و وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینرێت بۆ جێگیرکردنی مافەکانیان، چونکە بەبانکیکردنی مووچە ڕێگ خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ی عێراقدا، پڕۆسەی گۆڕینی ناونیشانیان بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی جێگیر بکرێت.
ئەم پێشھاتە نوێیە لە کاتێکدایە کە مامۆستایانی گرێبەست ماوەیەکی درێژە داوای چەسپاندنی مافە دارایی و کارگێڕییەکانیان دەکەن، بەم هەنگاوەش قۆناغێکی گرنگی متمانە و دڵنیایی بۆ داهاتووی پیشەیی خۆیان و خێزانەکانیان دەستپێدەکات.

بابەتی هاوشێوە