هه‌رێم واده‌ی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ به‌غدا راگه‌یاند

21.12.2025
جەماوەر نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، سبه‌ی دوشه‌ممه‌ داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
وردودرشتی هه‌واڵ؛ 
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "سبەی دوشەممە بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".
سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌ گه‌نجینه‌كانی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ 48 ملیار دینار له‌ پشكی پارێزگای سلێمانی ره‌وانه‌ی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ هه‌ولێر كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پشكی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت".
هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، به‌شی ژمێریاریی ده‌ستیكردوه‌ به‌ خه‌رجكردنی بودجه‌ی موچه‌ی مانگی 12ی 2025، دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ ڕێگه‌ی بانكه‌وه‌ هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی پێشو ده‌بێت.
ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ، هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق ڕێكه‌وتون له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ و ناردنی 120 ملیار دینار له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌غدا مانگانه‌ی موچه‌ی ته‌واوی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت.

بابەتی هاوشێوە