ئاگر له‌ به‌نزینخانه‌یه‌ك كه‌وته‌وه‌

21.12.2025
جەماوەر نیوز
به‌هۆكارێكی نادیار ئاگر ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی له‌ ئۆتۆمبێلێك كه‌ له‌ناو به‌نزینخانه‌یه‌كدا بو كه‌وته‌وه‌ و پاش گه‌یشتنی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی توانرا ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت و رێگری له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بكرێت.
به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كا، له‌كاتی تێكردنی به‌نزیندا له‌ناو به‌نزینخانه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلێك له‌جۆری ئۆپڵ ڤیكترا گڕیگرت، به‌وهۆیه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ته‌واوی سوتا، به‌رله‌وه‌ی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانیش بگه‌نه‌ شوێنی روداوه‌كه‌، له‌ڕێگه‌ی ئامێره‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌وه‌ ئاگره‌كه‌ سنورداركرا و پاش گه‌یشتنی تیمه‌كانیش به‌ته‌واوی كوژێندرایه‌وه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رگری شارستانی، "تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوه‌تی ئاگره‌كه‌یان راگه‌یاند و له‌ئێستاشدا لێكۆڵینه‌وه‌ به‌هۆكاره‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ ده‌كه‌ن".

ئاگره‌كه‌ به‌رله‌وه‌ی زیانی زۆری ماددی لێبكه‌وێته‌وه‌ و به‌نزینخانه‌كه‌ به‌ته‌واوی بگرێته‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرا، هیچ زیانێكی گیانیشی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. 

بابەتی هاوشێوە