ئاسایش: ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و مامناوەند کرانە ئامانج

22.12.2025
جەماوەر نیوز
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، رایگەیاند، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کەوتنە بەر هێرشێکی تووندی مووشەکی و تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب شەوی دووشەممە 22-12-2025 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و ناوەند لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە کراونەتە ئامانج."

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە "تۆپبارانەکە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی گرتووەتەوە".

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژنێکی تەمەن 57 ساڵ بە ناوی فەدوا محەممەد کوردی گیانی لەدەستداوە و 15 کەسی دیکەش بریندارن.

ناوی 14 لە بریندارەکان:

- حەنان عەبدولحەمید ئیسماعیل (20 ساڵ)
- محەممەد عەبدولحەمید (19 ساڵ)
- زەکەریا خەلیفە (53 ساڵ)
- عەبدۆ ئەسوەد (40 ساڵ)
- مەحموود نیزال ئیبراهیم (18 ساڵ)
- ئایدڵ عەلی (9 ساڵ)
- دیجلە عوسمان (34 ساڵ)
- دۆغان عەلۆ (18 ساڵ)
- عەبدولڕەحمان هۆرۆ (18 ساڵ)
- جەمیل عەکاش (22 ساڵ)
- مەحموود ئەسوەد (20 ساڵ)
- میرکان بەکر (22 ساڵ)
- عارف بیلال (20 ساڵ)
- روویار حەبەش (13 ساڵ)

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوەکەیاندا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشانەکانیان کردووە کە وەک دەڵێت، "هاووڵاتیانی سڤیل و ژێرخانی گەڕەکەکانی کردووەتە ئامانج"، دەشڵێت: "هێرشبەرەکان بەرپرسیاری تەواوی یاسایی و مرۆیی ئەم کردەوانەیان لە ئەستۆیە."

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، لە شاری حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دروستبوو؛ بەگوتەی هەسەدە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گۆڕەپانی "دوارەی شەیحان" لە حەلەب و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی سووریاش لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، سەرەڕای رێککەوتنەکان، غەدریان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە لە بازگە هاوبەشەکان بوون و بەشێوەیەکی لەناکاو کشانەوە و تەقەیان لە بازگەکان کرد."

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەسەدەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەربازێکی سوپا بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک بریندار لە ریزەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی مەدەنی هەن

بابەتی هاوشێوە