فازڵ نەبی: بەم ڕێگەیە مووچەی مانگەکانی 11 و 12 نافەوتێت

23.12.2025
جەماوەر نیوز
فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە بارە مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ئەمساڵ ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت،
فازڵ نەبی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ میدیای پارتی وتی: “مووچەی مانگەکانی 11 و 12 لەمساڵدا خەرج ناکرێت، تەنها مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت کە رەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست پێبکات.
لە بارەی ئەوەی کە ئایا هیچ ڕێگە چارەیەک ماوە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12، فازڵ نەبی وتی: “بەڵێ ماوە، ئەویش ئەوەیە کاتێک شاندی دانووستانکاری ئێمە گفتوگۆ دەکەن لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە دەکەن، ئەوە بکەنە مەرج کە پێویستە ئەو دوو مووچەیەی ساڵی 2025 نەدراوە بکرێتە ماددەیەک لەناو بودجەی ساڵی 2026، کە ئەویش ترلیۆنێک و 900 ملیار دینار زیاد دەکرێت بۆ بەشە بودجەی هەرێم، بۆ دانەوەی مووچەی هەردوو مانگی 11 و 12ی ساڵی 2025، تەنها ئەو ڕێگەیە ماوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە ساڵی 2025 کۆتایی پێبێت، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 کراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 10 هێشتا دابەش نەکراوە.

بابەتی هاوشێوە