وەزارەتی تەندروستی 17 بڕیاری دەرکرد

24.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی تەندروستی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕۆژانی پشووی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی 2026 لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
ئەمشەو وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، “بەبۆنەی سەری ساڵی زاینینی و جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، پیرۆزبایی لە کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و پزیشکان و پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم هاووڵاتیان دەکەین، هیواخوازین ساڵی ئایندە ببێتە ساڵی خۆشگوزەرانی و تەندروستی باش بۆ هەموولایەک”.
ڕاشیگەیاند، هاوڵاتیانی و دامودەزگاکانی تەندروستی ئاگاداردەکەینەوە کەوا ڕۆژانی پشووی فەرمی هەمان ڕۆژانی پشووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوە.
بۆ ئەم مەبەستە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستیەکان رادەسپێردرێت کە دەوامی ئێشکگری دەبێت بۆ کارئاسانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی بەپێی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان و نەخۆشخانەکان.
بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە بن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای هەماهەنگی بەشی ڕاگەیاندنی هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان دەبێت.
ئاماری ڕۆژانە دەبێت لەماوەی (٢٤) کاتژمێر لەڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨) ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی رۆژی دواتر ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.
ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.
ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت.
سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
بانکی خوێن و خزمەتگوزاری دابینکردنی خوێن پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.
بە هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان…
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کورستان
23 کانونی یەکەم 2025

بابەتی هاوشێوە