عەبدوڵا ئۆجه‌لان: ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئایینی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە

25.12.2025
جەماوەر نیوز
عەبدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ په‌یامێكدا بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا، ڕایگه‌یاند، ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە کە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕ و گەلان و کەلتورە جیاوازەکانە، ده‌شڵێت، "ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئایینی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە".

عەبدوڵا ئۆجه‌لان له‌ په‌یامێكدا بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا، ڕایگه‌یاند، "ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئایینی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە، ئیسلامی دەوڵەتی فەرمیی یان پێکهاتە جەمعییەکان کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامرازێکی دەسەڵاتداری و تاڵانکاری بەکاری دەهێنێت، ئەم جەوهەرەی خۆی لەدەستداوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە، ئەو پەیمانە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕی، گەل و کولتورە جیاوازەکانە بە ئیرادەی خۆیان و بێ زۆرەملێیە".

عەبدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت، "پێویستە بزاندرێت جیهادی ڕاستەقینە تێکۆشانە دژ بە خۆپەرستی و چەوساندنەوەیە لە ڕێگەی ڕەخنەلەخۆگرتنی بەردەوامەوە، بیرکردنەوەی شورا لە ئیسلامدا بە مانای عەقڵی کۆلەکتیڤ و بڕیاردانی دیموکراتیکە".

عەبدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت، "لەجیاتی ئەوەی ئیسلام بکەینە کەرەستەیەکی سیاسی دەوڵەت و گروپە جیاوازەکان، با بیخەینە خزمەت ژیانی ئازادی کۆمەڵگایەک کە لەسەر ئەو بنەمایە خۆی بەڕێکخستن کردوە".

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، "ئیسلامی دیموکراتیک شارستانییەتێکی ئەڵتەرناتیڤە (جێگرەوەیە) کە ئازادیی ژن، هاوسەنگی ئیکۆلۆژی (ژینگەیی) خوشک-برایەتی گەلان بە بنەما دەگرێت، تەنیا ئەم لێکدانەوە دیموکراتیکە دەتوانێت ببێتە دەرمان بۆ برینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیوادارین گفتوگۆکانتان لەو چوارچێوەیەدا سودبەخش بن بۆ پڕۆسەی کۆمەڵگای دیموکراتیکمان کە دەستمان پێکردوە".
پاشخانی هه‌واڵ؛
له‌ 27ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێشخه‌ری بۆ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌ توركیا كردوه‌، عەبدوڵا ئۆجه‌لان په‌یامی جیاواز له‌ بۆنه‌ جۆراوجۆره‌كاندا بڵاوده‌كاته‌وه‌ و هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌یانه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.


بابەتی هاوشێوە