تورکیا دەستگیرکردنی دەیان ئەندامی "داعش"ـی ڕاگەیاند کە پلانیان بۆ هێرشکردن لە سەری ساڵدا دابو

25.12.2025
جەماوەر نیوز
زانیاری سەرەكی؛
هێزەکانی دژە تیرۆر لە ئیستانبوڵ 137 ئەندامی ڕێکخراوی "داعش"یان دەستگیرکرد کە پلانیان دانابو هێرش بکەنە سەر ئاهەنگەکانی جەژنی کریسمس و سەری ساڵی نوێ لە تورکیا. هەروەها دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و چەندین بەڵگەنامەی ڕێکخراوەیییدا گیراوە.
میدیا فەرمییەكانی توركیا  لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویانكردەوە، هێزە ئەمنییەكان 137 ئەندامی ڕێکخراوی "داعش"یان دەستگیرکرد، كە  بەپێی فەرمانی نوسینگەی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ دەستگیرکراون، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش زانیاری دەستکەوتوە کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە پلانیان هەبوە هێرش بکەنە سەر نامسوڵمانان، بەتایبەتی لە کاتی ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵدا.

پێشتر نوسینگەی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردبوەوە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر 124 شوێن لە شارەکەدا و 115 کەسیان لە کۆی 137 گومانلێکراو دەستگیرکردوە، هەروەها دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و چەندین بەڵگەنامەی ڕێکخراوەیییدا گیراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەم کەسانە لە پەیوەندیدا بون لەگەڵ ناوچەکانی ململانێ (لە سوریا و عێراق) و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنی نیشتمانی و نێودەوڵەتییان لەسەر بوە بە تۆمەتی تیرۆر.

دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان دژی ئەم ڕێکخراوە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٧ بۆ سەر یانەی شەوانەی "رینا" لە ئەستەنبوڵ کە بوە هۆی کوژرانی 39کەس

بابەتی هاوشێوە