به‌رگری شارستانی 12 رێنمایی بۆ به‌كارهێنانی یاریه‌ ئاگرینه‌كان ده‌ركرد

26.12.2025
جەماوەر نیوز

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رگری شارستانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 12 رێنمایی بۆ به‌كارهێنانی یارییه‌ ئاگرینه‌كان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی زاینیه‌وه‌ ده‌ركرد و رایگه‌یاند، به‌كارهێنانی یاریه‌كان به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی یان ڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر خه‌ڵك یان موڵكی هاوڵاتیان رێگه‌پێدراو نیه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا 12 رێنمایی له‌باره‌ی یاریه‌ ئاگرینه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كان، به‌كارهێنانی یارییه‌ ئاگرینه‌كانی منداڵان به‌هه‌مو جۆرێك قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌روه‌ها یاری ئاگرین له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌رونی نه‌خۆشه‌كان تێكنه‌ده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش به‌كارهێنانیان له‌ نزیك وێستگه‌ی سوته‌مه‌نی و وێستگه‌ی پڕكردنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی غاز و مۆلیده‌ی كاره‌بایی رێگه‌پێدراو نیه‌، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی یارییه‌ ئاگرینه‌كان له‌ نزیك ته‌نكه‌ره‌كانی سوته‌مه‌نی قه‌ده‌غه‌یه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی رێنماییه‌كاندا ئه‌وه‌یخستۆته‌ڕو، یاری ئاگرین له‌ نزیك دار و دارخورما و بینای نیشته‌جێبون قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌روه‌ها یاری ئاگرین له‌ نزیك بازاڕ و فرۆشگا بازرگانییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش به‌كارهێنانی یاریه‌كان به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی یان ڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر خه‌ڵك یان موڵكی هاوڵاتیان رێگه‌پێدراو نیه‌.

به‌رگری شارستانی عێراق ئاشكراشیكردوه‌، به‌كارهێنانی یارییه‌ ئاگرینه‌كانی گه‌وره‌ واته‌ ئه‌و یاریانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی سوتانی چاو و برینداربون و به‌هه‌مو جۆرێك قه‌ده‌غه‌ن، ناشبێت یارییه‌ ئاگرینه‌كان له‌ شوێنی داخراو یان قه‌ره‌باڵغدا به‌كاربهێندرێن، جگه‌ له‌وانه‌ش نابێت یارییه‌ ئاگرینه‌كان له‌ناو ماڵه‌كان یان له‌نزیك به‌رهه‌می نه‌وت و بتڵی غاز هه‌ڵبگیرێن.

به‌رگری شارستانی زیانه‌كانی یاریه‌ ئاگرینه‌كانیشی ئاشكراكردوه‌ و باسی له‌وه‌كردوه‌، "یارییه‌ ئاگرینه‌كان ده‌بێته‌ هۆی ده‌نگه‌ده‌نگ و پیسبونی ژینگه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گاز و دوكه‌ڵانه‌ی كه‌ ده‌ریده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بنه‌ هۆی هه‌ستكردن به‌ ترس و ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای منداڵان و بێزاری بۆ كه‌سانی به‌ساڵاچو و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت".

بابەتی هاوشێوە