لە وتارێکیدا لە سێیەمین دیداری گوڵەخانە،

27.12.2025
جەماوەر نیوز
لە وتارێکیدا لە سێیەمین دیداری گوڵەخانە، محەممەدی حاجی مەحمود، سکتێری گشتیی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغدا واژۆ کراون، بەڵام سەرجەمیان لەسەر حیسابی مافەکانی گەلی کورد بوون، دەشڵێت: تا ئێستا بەغدا مووچەی سێ مانگی نەداوە.

محەمەد حاجی مەحمود باسی لەوەشكرد؛ حکوومەتی ناوەندیی لە ماوەی ساڵی 2025دا، سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی کێشە داراییەکان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کێشەی سەرەکی لای بەغدایە کە نایەوێت گرفتەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باسی لە خۆڕاگری ئیرادەی گەلان کرد و وتی: “واقیع ئەوەی سەلماندووە کە فشارەکان ناتوانن ئیرادەی گەل بشکێنن، وەک چۆن سەرەڕای هەموو هەوڵەکان کەس نەیتوانیوە حەماس لەناو ببات، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی ستراتیژە سەربازی و سیاسییەکان لە سەپاندنی واقیعی زۆرەملێدا سنووردارن”.

محەمەدی حاجی مەحمود، ڕەخنەی لەو دروشمە سیاسییانە گرت کە باس لە برایەتی کورد و عەرەب دەکەن و ڕایگەیاند؛ ئەم جۆرە وتارانە تەنیا دروشمی بێ ناوەڕۆکن و لە واقیعدا بە کردەیی جێبەجێ نەکراون، بۆیە داوای کرد خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ دیمەنی سیاسی عێراق بکرێت کە دوور بێت لە دروشمە بریقەدارەکان و ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینرێن.

بابەتی هاوشێوە