رێککەوتنی نەوت بەبێ گۆڕانکاری درێژکرایەوە

27.12.2025
جەماوەر نیوز
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، عێراق مانگی 10 بە بەهای نزیکەی حەوت ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە و لە مانگی 11 دابەزیووە بۆ نزیکەی شەش ملیار، دەشڵێت، رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ درێژکراوەتەوە.
د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و تا 31ـی ئاداری 2026 درێژ کراوەتەوەو هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا نەکراوە”.
جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بە شێوەی “سێ مانگ بە سێ مانگ” دەبێت، تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و غاز و یاسای بودجەی نوێ پەسەند دەکرێن. روونیشیکردەوە کە هیچ گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان نەکراوە و مەرجەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.
سەبارەت بە بڕی هەناردەکردن، د. حەمدی شنگالی ئاشکرای کرد: “ئێستا تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ ناوخۆ تەرخان کراوە”.
وتیشی: “بەرهەمهێنان کەمێک لەو بڕە زیاترە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بیرەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەستابوون و هەروەها بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان جێگیر نییە”.

بابەتی هاوشێوە