حەج و عومڕەی کوردستان: حاجیانی 2025 قەرەبو دەکرێنەوە

28.12.2025
جەماوەر نیوز
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌و حاجیانه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ فڕۆكه‌ گەشتیان کردبو لەکاتی گەڕانەوەیان بەهۆی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناچاربون بە پاس بگەڕێنەوە، قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه‌، دوای خەمڵاندنی جیاوازی پارەکە قەرەبو دەکرێنەوە کە ژمارەیان سێ هه‌زار و 443 حاجی بون.
کاروان ستونی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، ڕایگه‌یاندوه‌، لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە هەمو ئەو حاجیانەی ساڵی 2025 بە فڕۆکە گەشتیان کردبو لەکاتی گەڕانەوەیان بەهۆی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان ئەوکاتی عیراق ڕاگیرابون و حاجیان ناچاربون بە پاس بگەڕێنەوە قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ژماره‌ی ئه‌و حاجیانه‌ی كه‌ قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه‌ ژماره‌یان سێ هه‌زار و 443 حاجی بوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاوەکو ئێستا نوسراوی فەرمییان پێ نەگەیشتوە، بەڵام بڕیارە دوای پشوی سەری ساڵ نوسراوەکە بگات و بەڵام پێش وەختە ئاگادارکراونەته‌وە کە لیستی ناوی حاجیان ئامادە بکەن و تاوەکو بۆیان بنێرن.
راگه‌یه‌ندراوی په‌یوه‌ندیدار؛
کاروان ستونی رونیشیكرده‌وه‌، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دوای وەرگرتنی بڕە پارەکە، بە میکانیزمێکی گونجاو کە ئەوپەڕی ئاسانکاری تێدا بێت بە ئاسانی پارەکە بدرێتە ئەو هاوڵاتیانەی کە لە ساڵی 2025 بە فڕۆکە چوبونە سعودیە و لەوێشەوە بە پاس گەڕابونەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراوە لە بەشی ژمێریاری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ قەرەبوکردنەوە دیاریکراوە لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقییەوە تەنها 80 هەزار دینارە چونکە دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عێراقی هەمو ساڵێک خۆیان گرێبەستی فڕۆکە و ئۆتێل و خواردن و خزمەتگوزارییەکانی شاری مەدینە دەکەن و تەنانەت لە خەمڵاندنی پارەکە هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە لە لیژنەکەدا نەبوە".

له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی حاجیانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، شه‌ڕی 12 رۆژه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئێران سه‌ریهه‌ڵدا، ئیسرائیل بۆردومانی ئێرانی ده‌ستپێكرد و ئێرانیش له‌وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌دا هێرشی موشه‌ی كرده‌ سه‌ر ته‌لئه‌بیب، به‌هۆیه‌وه‌ ته‌واوی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان راگیران.

بابەتی هاوشێوە