کەشناسیی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ بەفربارین دەستپێدەکاتەوە

31.12.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، کەش سارد و نیمچەهەور دەبێت، پاشان دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو، لە پاشنیوەڕۆوە، شەپۆلێکی بەفربارین روو لە بەشێک لەم ناوچانە دەکات لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، مێرگەسوور، ئامێدی، سنووری ئیدارەی سۆران، بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر، لە کاتی زیادبوونی کاریگەری شەپۆڵەکە ئەگەری نمە بارانیش دەبێت بە تێکەڵی لە هەندێک ناوچەی جیاجیا.
سەبارەت بە کەشی سبەینێ پێنجشەممە ئەوەشی خستەڕوو، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و کاریگەریی شەپۆلی بەفربارین بەردەوامدەبێت لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، مێرگەسوور، ئامێدی، سنووری ئیدارەی سۆران، بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر، هەروەها نمەباران و بارانی مامناوەند لە هەندێک کات و شوێندا دەبارێت، جیا لەوە، لە کاتەکانی شەودا هەندێک جار باران بە شێوەی کرێوە دەبارێت.

بابەتی هاوشێوە