دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، عێراق ڕووبەڕووی قۆناغیكی سەخت دەبێتەوە

31.12.2025
جەماوەر نیوز
دوای سەرکەوتنی پەرلەمانی عێراق لەھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییدا، ئێستا گۆڕەپانی سیاسی عێراق بۆ تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان بەقۆناغێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت کە گرنگترینیان ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، ئەوەش لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، درێژببێتەوە و چەند مانگێک بخایەنێت.
لە یەکەم دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا و ھەر لە گەڕی یەکەمدا کە ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، کاندیدی پارتی تەقەدووم سەربە ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی “سوننە”، ھەیبت حەلبووسی بە سەرۆکی پەرلەمانەکە و کاندیدی بزووتنەوەی سادیقون سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی “شیعە”عەدنان فەیحان بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردران.
بەڵام دوای سێ گەڕ لە دەنگدان توانرا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرھاد ئەترووشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرا.
ھەر ڕۆژی ٢٩ ئەم مانگە لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و دوای دوو گەڕی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، ھیچ کام لە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵا و کاندیدی ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم نەیانتوانی دەنگی ڕەھای ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە ٥٠+١ (١٦٦ دەنگ) بەدەستبھێنن، بۆیە پڕۆسەکە چووە گەڕی سێیەمەوە.
لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆی ٢٩٣ دەنگ، ڕێبوار کەریم ١٥٣ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵایش ١١٩ دەنگی بەدەستھێنا و ٢١ دەنگیش پووچەڵکرانەوە و لە گەڕی دووەمیش ٢٨٠ ئەندام دەنگی دا کە ڕێبوار کەریم ١٥٦ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵا ١٠٢ دەنگی بەدەستھێنا و ٢٢ دەنگی پووچەڵیش ھەبوو.
ھەروەھا ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگە دوای گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی، پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدەکەی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە شاخەوان عەبدوڵا بوو کشاندەوە و لە بری ئەو فەرھاد ئەترووشی کاندید کرد.
گۆڕینی کاندیدکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دوای ھەموارکردنی ماددەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ھات.
لە ھەموارکردنەوەی ماددەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی بەتەمەن لەوەی دووبارە دەرگا بکاتەوە کە کاندیدی دیکە لە بری کاندیدی کشاوە خۆی پێشکەش بکات.
بۆیە ڕۆژی ٣٠ ئەم مانگە لە تەواوکەری دانیشتنی یەکەمی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عامر جاسم فایز وەک بەتەمەنترین ئەندامی خوولی شەشەمی پەرلەمانەکە، گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامدرا و تیایدا لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی پەرلەمان کە ٢٩٣یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی جێگری دووەم دەنگیان دا.
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرھاد ئەترووشی بە بەدەستھێنانی ١٧٧ دەنگ، بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرا.
لە بەرامبەردا کاندیدی فراکسیۆنی ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم ١٠٤ دەنگی بەدەستھێنا و ١٢ دەنگیش پووچەڵکرانەوە.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسی کە بە “پشکپشکێنە” ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون.
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆک وەزیرانی بۆ لایەنی شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆک کۆماریش پشکی کوردە.
سەرباری گرنگی تەواوکردنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەڵام شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە ئەمە سەرەتای ڕێگایەکی دوورودرێژی تێگەیشتنی سیاسی بۆ تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان، لەوانەیش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.
ھەروەھا ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەکە، ھەنگاوێکی ئەرێنی بوو، بەڵام ئەو کارە بەس نییە بۆ ئەوەی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان یەکلایی بکرێنەوە، بەتایبەتیش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.
بەپێی ئەزموونەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، بە شێوەیەک ئاسان ڕوو نادات، بەڵکو پێویستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی چڕ ھەیە بۆ ئەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پەسەند بکرێت کە ڕەنگدانەوەی لەسەر پرسی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ھەبێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، درێژبکرێنەوە.
بەپێی دەستووری عێراق، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دەبێت لە دوای یەکەم دانیشتنی نوێی پەرلەمان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا، سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرێت و دواتر سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی پرۆسەکە زۆر ئاڵۆزە بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، درێژببێتەوە و چەند مانگێک بخایەنێت.

بابەتی هاوشێوە