شارەزایەکی کەشناسی: نیو مەتر بەفر دەبارێت

01.01.2026
جەماوەر نیوز
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە بەشێکی ناوچەکان، 30 بۆ 60 سانتیمەتر بەفر دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە قۆناغی کۆتایی شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەسەر ناوچەکە دەستیپێکردەوە و تا ئەم کاتە، جیا لە بەفری پێشتر، نزیکەی 30 تا 60 سانتیمەتر بەفری نوێ لەسەر ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەت لە سنووری دهۆک کەڵەکەبووەتەوە و رێژەیەکی دڵخۆشکەرە کە لەو کاتەی ساڵدا، جیاواز لە ساڵانی پێشتر، بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانمان کەڵەکەبووە و رێژەکەش زیاتر دەبێت تا سبەی.
ئاماژەی بەوەشدا، کاریگەریی شەپۆلی بەفر و بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئەمشەویش بە چڕی بەردەوامیی دەبێت و سبەی هەینی، 2ـی 1ـی 2026، لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ بەدواوە لە سنووری هەردوو پارێزگاکە لاواز دەبێت و ئێوارە کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم سنووری ئیدارەی راپەڕین، پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بەگشتی لە ئەمشەوەوە ئەو شەپۆلە دەستپێدەکات و تا سبەی ئێوارەی هەینی 2ـی 1ـی 2026، بە مامناوەندی بەردەوامیی دەبێت و لە شەودا لاواز دەبێت و کۆتایی پێدێت.
ئەو شارەزایە ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دەڤەری پشدەر، سلێمانی و هەڵەبجە، پێشبینیی بارینی 40 بۆ 60 سانتیمەتر بەفری نوێ دەکرێت، لە سەنتەری شارەکانیش بارانێکی باش و رێژە مامناوەند دەبارێتەوە و پلەی گەرمییش بە جێگیری دەمێنێتەوە و لە کاتی باران و بەفر، بای باشووری رۆژهەڵات چالاک دەبێت بە خێرایی 15-25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاراس جەبار ئەوەشی باسکردووە، “لە رۆژی شەممەوە 3ـی 1ـی 2026، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەگشتی سەقامگیر دەبێت، بەڵام جارێکی دیکە لە ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان بەهۆی زۆریی بارینی بەفرەوە، پلەی گەرمی هاوشێوەی رۆژانی رابردوو بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە رێژەیەکی بەرچاو نزمدەبێتەوە، پێشبینی دەکەین نزمترین پلەی گەرمی 10 تا 16 پلە بۆ ژێر سفر نزمببێتەوە، بەڵام لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان، تەنیا لە شەواندا پلەی گەرمی بۆ نزیک سفر نزمدەبێتەوە و لە کاتەکانی رۆژدا، پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە و وەک رۆژانی رابردوو کەش زۆر سارد نابێت”.
بە وتەی ئەو کەشناسە، بەگشتی لە رێکەوتی 3ـی 1ـی 2026 تا رێکەوتی 10ـی 1ـی 2026، هەرێمی کوردستان بە کەشوهەوایەکی جێگیر و سەقامگیردا تێپەڕدەبێت بەهۆی چالاکبوونەوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەکان لە بەرگەهەوای وڵاتانی ناوچەکەدا و گۆڕانی ئاراستەی نزمە پاڵەپەستۆ جەمسەرییەکان بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت وڵاتانی باکوور و ناوەڕاستی ئەوروپا لەو ماوەیەدا شەپۆلی بەهێزی سەرما و بەفربارین بەخۆوە دەبینن.
دەشڵێت، لە رێکەوتی 10ـی 1ـی 2026، کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکان بە رووی ناوچەکانمان چالاک دەبێتەوە و شەپۆلێکی نوێی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە.

بابەتی هاوشێوە