دوو شەپۆلی بەهێزی بەفر و باران روو لە ناوچەکەمان دەکات

04.01.2026
جەماوەر نیوز

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، دوو شەپۆلی نوێی بەفر و بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بە دیاریکراوی رۆژی شەممە 10ـی 1ـی 2026، شەپۆلێکی باش و مامناوەندی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی ئەو شەپۆلە لە ئەنجامی پاشماوەی نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەهێزی جەمسەری باکوورە کە لە رۆژانی داهاتوودا کاریگەریی دەبێت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا بە نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرمی و شەپۆلێکی چڕی بەفربارین، پاشان لە باشووری ئەوروپاوە بە لاوازی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە بە رێی دەریای ناوەڕاستەوە، لەگەڵ کاریگەریی هاتنی شێیەکی کەم لە دەریای سوورەوە، روودەکاتەوە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە؛ لە دوو شەپۆل پێکدێت، لە 10ـی 1ـی 2026 تاوەکو رێکەوتی 14ـی 1ـی 2026 بەردەوامیی دەبێت.
دەشڵێت، لە ماوەی هەردوو شەپۆلەکە، پێشبینیی بارانێکی باش و مامناوەند لە سەرجەم ناوچەکان دەکرێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان رێژەی بەفر و بارانبارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش، ئەگەری بارینی بەفرێکی زۆر دەبێت.

 


بابەتی هاوشێوە