“گران بوونی كارتی ئینتەرنێت هەرێم ناگرێتەوە”

04.01.2026
جەماوەر نیوز
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومەتی هەرێم ئاشکرای دەکات، زیادکردنی باجی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق جێبەجێ بکرێت، بۆ کارتەکانی ئینتەرنێت هەێمی کوردستان، ناگرێتەوە.
دیلان ڕه‌شاد، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حکوومەتی هەێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا بڕیاری زیادکردنی 20%ی باجی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە لایەن حکومەتی عێراق بەفەرمی بۆمان نەنێردراوە.
وتیشی: زیادکردنی باجی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق جێبەجێش بکرێت، بۆ کارتەکانی ئینتەرنێت هەێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە لای ئێمە مۆڵەت و گرێبەستیان هەیە و پابەندی ڕێنماییەکانی ئێمەن.
ئاشكراشی كرد، کۆمپانیاکانی پەیوەندی و مۆبایل مۆڵەتیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ پێدراوە، بۆیه پابەندی بڕیارەکانی ئەوان دەبن.
جەختیشی کردەوە، کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەێمی کوردستان لەسەر نرخی پاکێجەکانی خۆیان بەردەوامن و هیچ زیادبوون و کەمبوونێک لەئارادا نییە.
لە ساڵی 2023 باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق هەڵگیرا، بەڵام جارێکی دیکە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ زیادکردنی داهات بڕیارەکە لە 16ی1ی2026وە جێبەجی بکاتەوە.

بابەتی هاوشێوە