دەست بە دابەشکردنی پارەی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ کرا

07.01.2026
جەماوەر نیوز
قۆناغی دووەمی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد و لەم قۆناغەدا تەرکیز لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە بەر لافاوەکە کەوتوون. بەگوێرەی بڕیارەکە، خاوەنی 694 ئۆتۆمبێل سوودمەند دەبن و بڕی پارەکەش بەپێی قەبارەی زیانەکان دەگۆڕێت.
عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند: پرۆسەی دیاریکردنی بڕی پارەکە بەشێوەیەکی هەرەمەکی نەبووە، بەڵکو پشتی بەو هەڵسەنگاندنە زانستییە بەستووە کە “لیژنەی هاتوچۆی سلێمانی” بۆ ئۆتۆمبێلەکانی کردووە و بڕی پارەکە بەگوێرەی قەبارەی زیانەکان دیاری کراوە.
سەبارەت بە بڕی پارەکە، عەتا محەمەد ئاشکرای کرد کە قەرەبووەکان لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تا 15 ملیۆن دینار دەڕوات:
100 هەزار دینار: بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەنیا تەڕ بوون و زیانی گەورەیان بەرنەکەوتووە.
15 ملیۆن دینار: بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە پەکیان کەوتووە و زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە جیاوازی کراوە لەنێوان جۆرەکاندا؛ هەڵسەنگاندن بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و مۆدێلە کۆنەکان جیاوازە بەراورد بە ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرز و نوێیەکانی وەک 2025 و ساڵانی پێشتر.
بەپێی ئەو ئامارانەی سەرۆکی کۆمسیۆنەکە خستیەڕوو، دابەشبوونی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر بڕی پارەکاندا بەم شێوەیەیە:
3.7%ی ئۆتۆمبێلەکان بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن.
5.8%ی ئۆتۆمبێلەکان بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن.
18.5%ی ئۆتۆمبێلەکان بڕی 200 بۆ 500 هەزار دینار وەردەگرن.
واتە بە گشتی نزیکەی 24%ی ئۆتۆمبێلەکان بڕی هاوکارییەکەیان لە خوار 500 هەزار دینارەوەیە و ئەوانی دیکەش بڕی زیاتر وەردەگرن.
عەتا محەمەد دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هیچ ئۆتۆمبێلێک نامێنێتەوە بێبەش بێت لە هاوکاری یاخود چاککردنەوە، بەڵام مەرجێکی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە “خاوەنەکەی بە بەڵگەوە سەلماندبێتی کە ئۆتۆمبێلەکەی زیانی بەرکەوتووە و لیژنەی هاتوچۆی سلێمانی پەسەندی کردبێت”.

بابەتی هاوشێوە