عێڕاق دڵنیایی لە دابینکردنی مووچەی تەواو دەدات

07.01.2026
جەماوەر نیوز
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (٠٧-٠١-٢٠٢٦) دڵنیایی دایە هاووڵاتیان، کە مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. هاوکات ئاشکرای کرد کە حکومەت هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی و کەمکردنەوەی کورتهێنان.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندووە “هیچ مەترسییەک بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی نییە، تا ئەو کاتەی لێشاوی نەختینەیی بە دراوی بیانی بەردەوام بێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد، کە بازاڕی وزەی جیهانی تووشی داڕمانی گشتی نابێت، ئەمەش کەمترین داهاتی نەوتی بۆ عێراق مسۆگەر دەکات تاوەکو پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ بکات.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بە بڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران کرد کە دەبێتە بنەما بۆ قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی دارایی و وتی:
 کار دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە کورتخایەندا.
بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ لەسەر بنەمای “ڕێکخستنی دارایی” دەبێت، کە تێیدا پێداچوونەوە بە خەرجییە گشتییەکاندا دەکرێت و لە ئەولەویەتەکاندا ڕیزبەند دەکرێنەوە.
حکومەت پلانی هەیە قەبارەی قەرزی گشتیی دەوڵەت بە شێوەیەکی پلەبەندی کەم بکاتەوە.
ڕاوێژکارەکەی سودانی جەختی کردەوە کە ڕێکارە داراییەکانی ئەم دواییە ئامانجیان بەهێزکردنی داهاتی دەوڵەتە لە ڕێگەی کاراکردنی ئەو سەرچاوە داراییانەی پێشتر فەرامۆش کرابوون. وتیشی: “ئەم چاکسازییانە دژی بژێوی هاووڵاتیان نین، بەڵکو ئامانجیان دروستکردنی سەقامگیرییەکی داراییە کە دوور بێت لە هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، تاوەکو دەوڵەت بتوانێت بەردەوام بێت لە پێدانی مووچە و خزمەتگوزارییەکان.”

بابەتی هاوشێوە