ئەمریکا له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هاوڵاتیانی كورد له‌ حه‌له‌ب هاته‌ده‌نگ

08.01.2026
جەماوەر نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌باره‌ی روداوه‌كانی حه‌له‌ب رایگه‌یاند، واشنتن بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات خۆیان بگرن، "پێویستە هەمو لایەنەکان سەرنجیان لەسەر بنیاتنانی سوریایەکی ئارام و سەقامگیربێت".

به‌رپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نۆرس پرێس-ی ڕاگەیاندوه‌، ئەمریکا بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات خۆیان بگرن، "پێویستە هەمو لایەنەکان سەرنجیان لەسەر بنیاتنانی سوریایەکی ئارام و سەقامگیربێت کە بەرژەوەندی هەمو سوریاییەکان بپارێزێت و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات، نەک وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و ئاژاوه‌ و توندوتیژی ببات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، تۆماس باراک، نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست بەردەوامە لە پاڵپشتی و ئاسانکاری دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌).
راگه‌یه‌ندراوی په‌یوه‌ندیدار؛
سوپای عه‌ره‌بی سوریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "له‌ كاتژمێر 1:30 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب ڕادەگەیەنین و تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر درێژه‌ی ده‌بێت".

ئاماژه‌سی به‌وه‌شكردوه‌، "داوا لە خەڵکی سڤیل دەکەین لە هەمو پێگەکانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) دور بکەونەوە، سوپا دەست بە ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکان دەکات دژی پێگەکانی هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە، شێخ مەقسود و بەنی زەید".

ماوه‌ی سێ رۆژه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر حكومه‌تی سوریا تۆپباران و هێرشی زه‌مینی و درۆنی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فییه‌ و دوێنێش دوایین هۆشداریاندا خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ كه‌ ماڵه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و بڕۆن.

سیپان حه‌مۆ ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتیك (هه‌سه‌ده‌) ڕایگه‌یاند، "یه‌كگرتویی دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كانی شێخ مه‌قسود و ئه‌شڕه‌فییه‌ی حه‌له‌ب بنه‌مای سه‌ره‌كی تێكشكاندنی هه‌مو پیلان و هه‌ڕه‌شه‌كان بوه‌، ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ قه‌ڵای خۆڕاگریین و هه‌رگیز ناشكێن".

بابەتی هاوشێوە