پارتی و یه‌كێتی "دو هێڵی سور" ده‌كێشن

08.01.2026
جەماوەر نیوز
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی رایگه‌یاند، هه‌ردو حزب له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیاندا له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی هاوبه‌ش بۆ سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی كابینه‌یه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتن و هه‌ردولا به‌ دوباره‌كردنه‌وه‌ی داواكانیان درێژه‌یان به‌ ڕێكنه‌كه‌وتندا، پێده‌چێت هه‌فته‌ی داهاتو جارێكی دیكه‌ كۆببنه‌وه‌، دیارنیه‌ ئایا هێڵی سوری نێوانیان كاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ یاخود نا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی و یه‌كێتی  راگه‌یاند، "شاندی پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتن به‌ڵام له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا توانای گوێگرتنیان له‌ یه‌كدی باشتربوه‌ به‌راورد به‌ كۆبونه‌وه‌ی پێشتر كه‌ تاڕاده‌یه‌ك گرژیی له‌ نێوانیان هه‌بوه‌، ئه‌مڕۆ باسیان له‌ خواست و داواكاریه‌كانیان كردوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پارتی ئامادەنیە بچێتە ژیر باری ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی كه‌ ته‌نها یه‌ك كاندید هه‌بێت بۆ سه‌رۆك كۆمار و پشتیوانی بكات، به‌ڵكو داوای ڕێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات له‌باره‌ی هه‌ر كاندیدێكه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و داوایه‌ پێشتر له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتییه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕو".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت، له‌وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی پارتیدا "یەکێتی دەڵێت پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق ئیستیحقاقی خۆیەتی و ناکرێت لە هه‌مو پۆستێکدا یەکێتی زیاد کە کاندیدێکی هەبێت و پارتیی بژاردەی بکات، به‌ڵكو هه‌ر كاندیدێكی لاپه‌سه‌ندبێت پێشكه‌شی ده‌كات و پێویسته‌ به‌گوێره‌ی ڕێكه‌وتی نه‌ریتی نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتی پشتیوانی بكرێت".
زانیاری په‌یوه‌ندیدار؛
به‌گوێره‌ی زانیاره‌كان  هۆكارێكی دیكه‌ی ڕێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هێشتا هه‌ردو حزب كاتیان له‌به‌رده‌ستدا ماوه‌ و چونكه‌ واده‌ی ده‌ستوری بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌به‌رده‌ستدایه‌  و هه‌ردوحزب نایانه‌وێت بكه‌ونه‌ ژێر گوشاره‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ په‌یامی ئه‌مڕۆی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یان".

پارتی داوا ده‌كات ڕێكه‌وتن له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت بكاته‌ یه‌ك پاكێج و پێش ده‌نگدان به‌ سه‌رۆك كۆمار په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و متمانه‌ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بدات و دواتریش سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆك وه‌زیران رابسپێرێت.
له‌ 20ی 10ی 2024ه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ به‌ڵام تائێستا پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتن و نه‌توانراوه‌ كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنرێت، یه‌كێتی ده‌ڵێت، داوای داوای هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پارتیش پێداگیری له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆست و به‌ركه‌وته‌كان به‌پێی ده‌نگ و ژماره‌ی كورسییه‌كان ده‌كات.

بابەتی هاوشێوە