مەسرور بارزانی: لەپێناو گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکەدا کورد بە ئامانج دەگیرێت

08.01.2026
جەماوەر نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پەلاماری توندڕەوەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب ڕایگەیاند بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکەدا دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێڕ پرسیارەوە.
ئەمڕۆ پینجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێڕ پرسیارەوە.
وتیشی: “شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات. هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە”.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، “هیوادارین هەموو لایەک، دان بە خویاندا بگرن و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی کێشەکان، پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. هەروەها هیوادارین سیستەمی حوکمرانی ئێستای سوریا لە ئاستی بەرپرسیارەتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵکی سووریا بێت”.

بابەتی هاوشێوە