بەفرێکی چڕ بەڕێوەیە

12.01.2026
جەماوەر نیوز
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات، لەم چەند رۆژەی داهاتوودا، بەفربارینێکی چڕ بەشێک لە ناوچەکان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، کاریگەریی سەرەتایی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک بە نمەبارانی پچڕپچڕ و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و بای باشووری رۆژهەڵات لە زۆربەی ناوچەکانمان چالاک دەبێت بە خێرایی 15-40کم/ک.
دەشڵێت، بۆ سبەی سێشەممە 13ـی 1ـی 2026، کاریگەریی ئەو شەپۆلە سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە لەگەڵ بەردەوامیی چالاکیی با و ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی بارانی پچڕپچڕ و مامناوەند، لە کاتەکانی ئێوارە بۆ شەو، کاریگەریی شەپۆلەکە چالاکتر دەبێت، بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و سۆران ئەگەری هەورەبروسکە و هەندێک جاریش لێزمەباران دەبێت و بەفرێکی چڕیش ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە لە بەرزیی 1000 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە.
ئەو شارەزایە ئاشکراشیکرد، بۆ رۆژی چوارشەممە 14ـی 1ـی 2026، ئەو شەپۆلە بە مامناوەندی بەردەوامیی دەبێت و لەگەڵ زیادبوونی کاریگەریی بارستەهەوای سارد و ئەگەری دابەزینی بەفر بۆ سەنتەری شاری سلێمانی و سۆران دەبێت، بەگشتی ئەو شوێنانەی بەرزییان زیاترە لە 700 مەتر لە ئاستی رووی دەریا، ئەگەری بەفر و بارانیان بە تێکەڵی دەبێت، ئێوارەی چوارشەممە، کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت و بۆ رۆژی پێنجشەممە 15ـی 1ـی 2026، کاریگەرییەکانی بە لاوازی بەردەوامیی دەبێت و لە هەندێک کات و شوێندا، بەفر و بارانی کەم و پچڕپچڕ دەبارێتەوە.
ئاراس جەبار وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکەشی باسکردووە و دەڵێت، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، کۆتایی بە بەفر و بارانەکە دێت لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی و دەستپێکردنی وشکەسەرما و دروستبوونی شەختە و بەستەڵەک لە ناوچەکەدا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەریی ئەو سەرما و بەستەڵەکە لەسەر ناوچەکانمان دەمێنێتەوە.

بابەتی هاوشێوە