بەفر و کڕێوە ڕێگەی زیاتر لە ٥٠٠ گوندی کوردستانیان داخستووە

13.01.2026
جەماوەر نیوز
لە پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیسی باکووری کوردستان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە ڕێگای ٥٣٩ گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون بەڕووی هاتوچۆدا داخراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی گەورەشارەوانی وان، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە ڕێگای ٩٠ ناوچەی نیشتەجێبوون لە سنووری ئەو پارێزگایەدا داخراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە تیمەکانی سەرۆکایەتی فەرمانگەی ڕێگەوبان، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگا داخراوەکان.
لە پارێزگای جۆلەمێرگیش بەهۆی بەفربارینەوە ڕێگای ١٦٠ ناوچەی نیشتەجێبوون داخراون و تیمەکانی شارەوانی و ڕێگەوبان سەرقاڵی پاککردنەوە و کردنەوەی ڕێگاکانن.
لە پارێزگای مووش بەهۆی بەفر و کڕێوەوە ڕێگای ٢٣٨ گوند بەڕووی هاتوچۆدا داخراوە.
تیمەکانی شارەوانی و ڕێگاوبانی پارێزگاکە سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکانن و لە هەندێک ناوچەی بەرزیشدا بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و کەمیی مەودای بینین، تیمەکان لە کاتی کارکردندا تووشی زەحمەتی زۆر بوون.
هاوکات لە پارێزگای بەدلیسیش بەهۆی بەفربارینەوە ڕێگای ٥١ گوند داخراوە و تیمەکانی شارەوانی و ڕێگەوبان لە ناو سەرمایەکی زۆردا سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفر و فراوانکردنی ڕێگاکانن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا هاتووچۆ دەست پێ بکاتەوە.

بابەتی هاوشێوە