غەززە.. زیاتر لە سێ هەزار کەس لەکاتی وەرگرتنی خۆراکدا کوژراون

13.07.2025
جەماوەر نیوز
ڕێکخراوی ئۆنروا، هۆشداریی لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەدات و لە تازەترین ڕاپۆرتیدا، دەڵێت، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە سێ هەزار کەس لە غەززە بۆ بەدەستهێنانی ژەمێک خۆراک کوژراون.
ڕێکخراوی ئۆنروا کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، لە مانگی ئایارەوە تاوەکوو ئێستا بەهۆی گەمارۆ و ڕێگرییەکانی سوپای ئیسرائیل لە گەیشتنی خۆراک بە کەرتی غەززە، حاڵەتەکانی بەدخۆراکی زیادی کردووە و دانیشتوانی کەرتەکەش بە زەحمەت دەستیان بە خۆراکی پێویست دەگات.
لە ڕاپۆرتەکەی ئۆنروا باس لەوەش کراوە، تەنیا لەمساڵدا سێ هەزار و 31 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی تەنیا ژەمێک خۆراک، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕاشیگەیاندووە، کوشتنی خەڵکی غەززە لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی خۆراک بووەتەوە کارێکی ئاسایی ڕۆژانەی سوپای ئیسرائیل.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئۆنروا، 82.4%غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە و زیاتر لە 680 هەزار کەس هیچ شوێنێکی مانەوە و حەوانەوەیان نەماوە و لە خراپترین دۆخدا دەژین، ئەمەش لە کاتێکدایە 80%ـی ئەو ناوچانەی ئاوی پاک و بنکە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان تێدایە، دەکەونە ژێر دەستی سەربازانی ئیسرائیل و ئەوانیش لە 18ـی ئادارەوە خەڵکی غەززەیان بەرەو شوێنەکانی دیکە دەرکردووە.
ڕێکخراوەکە لە بارەی کەمی و قەیرانی خۆراکدا هۆشداریداوە لەوەی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەریی خراپتری لەسەر دانیشتوانی غەززە دەبێت، بە تایبەت لەسەر منداڵان، ئاماژەیداوە، تەنیا لە 16 تا 30ی حوزەیرانی 2025، پشکینیان کردووە و دەرکەوتووە 10 هەزار و 638 منداڵ تووشی بەدخۆراکی بوون.
هەروەها لە 30ـی حوزەیران بۆ 6ـی ئەم مانگە بەهۆی خراپی تەندروستیانەوە، پێنج هەزار و 723 ئافرەتیان لە بنکە تەندروستییەکانی ئۆنروا خەواندووە، کە دوای منداڵبوون لە تەندروستییەکی خراپدان. هاوکات ڕۆژانە زیاتر لە 14 هەزار حاڵەتی ڕاوێژکاری تەندروستی پێشکەش بە خەڵکی غەززە دەکەن.
ئۆنروا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕ لە سەر دەروونی خەڵکی غەززە کردووە و تیایدا هاتووە، %56ـی منداڵان و %55ـی ئافرەتانی غەززە لە ڕووی دەروونییەوە پێویستی بە چارەسەر و هێورکردنەوە هەیە. 

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ