ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیا: ژمارەیەک سیخوڕی ڕووسیامان کوشت

14.07.2025
جەماوەر نیوز
ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیا (SBU) ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان ژمارەیەک ئەندامی خانەیەکی سەر بە هەواڵگریی ڕووسیایان لە کیێڤ، کوشتووە. 
یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیا، لە پێگەی فەرمیی خۆی لە کەناڵی تەلەگرام، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە "بەیانیی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنییەکانمان لە کردەیەکی تایبەتدا، ژمارەیەک سیخوڕی سەر بە ئاژانسی هەواڵگریی ڕووسیا (FSB)یان لە کیێڤ کوشت. هێزەکانمان بە نیازی دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕانە بوون، بەڵام ئەوان بەرگرییان کرد و لە ئەنجامدا هەموویان کوژران."
ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیا، لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ڕوونی کردووەتەوە "لەوە دەچێت ئەو سیخوڕانەی ڕووسیا، پێنجشەممەی ڕابردوو، عەقید ئیڤان ڤۆرۆنیچ، ئەندامی ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیایان لە کیێڤ تیرۆر کردبێت."
بە گوێرەی بەیاننامەکەی ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیا، پێنجشەممەی ڕابردوو، ئافرەتێک و پیاوێک، بە ڕۆژی ڕووناک، لە هەڵمەتێکی ئازایانەدا، کە کامیراکانی چاودێریی تۆماریان کردووە، عەقید 'ئیڤان ڤۆرۆنیچ'یان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوشتوویانە. بەڵام نازانرێ ئایا ئەو دوو کەسە دەستگیر کراون یان کوژراون؟
ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە عەقید ڤۆرۆنیچ، بەشداریی لە کردە سەربازییە نهێنییەکانی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیادا کردووە کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیر کراون و هەروا هاوکاریی هێرشەکەی ساڵی ڕابردووی ئۆکرانیای لە ناوچەی کورسک، کردوە.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بە بەیاننامەکەی ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکرانیا نەبووە.
لە ماوەی سێ ساڵی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، چەندان گەورەبەرپرسی ڕووس، لە لایەن ئۆکرانییەکانەوە تیرۆر کراون؛ ئەوەش بووتە هۆی لەڕوودامانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا، چونکە وەک نیشانەی لاوازی بێئاگاییان لەقەڵەم دەدرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ