ئەمەریکا بۆ زێلێنسکی: دەست لە بەشێکی وڵاتەکەت هەڵبگرە

20.11.2025
جەماوەر نیوز
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئوکراینای ڕاگەیاندووە، دەبێت پلانێکی داڕێژراوی ئەمەریکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا، قبوڵ بکات.
پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردەوە "دوێنێ چوارشەممە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا،  پرۆژەی پلانێکی بە کیێڤ پێشنیاز کردووە بەوەی دەستبەرداری بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ببێت و قەبارەی هێزە چەکدارەکانی کەم بکاتەوە."
 ئەم زانیارییە لەلایەن دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم پلانەی ئەمەریکا، بە شکستی گەورە بۆ کیێڤ لە قەڵەم دەدرێت، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا  ڕووبەڕووی پێشڕەوی زیاتری ڕووسیا دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرقاڵی چارەکردنی گەندەڵییەکی کارگێڕییە و پەرلەمانی ئۆکرانیا، وەزیرانی وزە و دادپەروەریی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
کۆشکی سپی، لەسەر ئەم بابەتە لێدوانی نەدا. مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند "واشنتن بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی لیستی بیرۆکە ئەگەرییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە خوێناوییە."
لە لێدوانێکدا لە تێلێگرام، زێلێنسکی ئاماژەی بەو پلانەی واشنتن نەکردووە، بەڵکو داوای سەرکردایەتییەکی کاریگەری ئەمەریکای کردووە بۆ یارمەتیدان لە کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا.
 زێلێنسکی نووسیویەتی "بابەتی سەرەکی بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام ئەوەیە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان کار بکەین و سەرکردایەتی ئەمەریکا کاریگەر و بەهێز بمێنێتەوە."
ڕووسیا هیچ ئاماژەیەکی بە گۆڕینی مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ نیشان نەداوە. ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ماوەیەکی زۆرە داوای کردووە کیێڤ دەستبەرداری پلانەکانی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی سەربازی ناتۆ بێت و هێزەکانی لەو چوار پارێزگایەی ئۆکرانیا بکێشێنێتەوە کە مۆسکۆ بە بەشێک لە خاکی ڕووسیایان دەزانێت.

بابەتی هاوشێوە