به‌شیر حه‌داد سه‌ردانى فرسه‌ت سۆفى کرد و هیواى خواست خزمه‌تى زیاتر پێشکه‌ش به‌ پارێزگاى هه‌ولێر بکات

01.10.2019
جەماوەر نیوز
رۆژى دووشه‌ممه‌ رێکه‌وتی٣٠ى ئه‌یلولى ٢٠١٩ دکتۆر به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌ولێر سه‌ردانى دکتۆر فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى نوێى هه‌ولێرى کرد و پیرۆزبایى ده‌ستبه‌کار بونى لێکرد.

دکتۆر به‌شیر حه‌داد هیواى خواست دکتۆر فرسه‌ت سۆفى له‌ پۆستى نوێیدا سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بێنێت و بتوانێت خزمه‌تى زیاتر پێشکه‌ش به‌ هاوڵاتیانى پارێزگاى هه‌ولێر بکات.

جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ نه‌وزاد هادى پارێزگارى پێشوى هه‌ولێر له‌ ماوه‌ى ١٥ ساڵى رابردوودا خزمه‌تێکى زۆرى کردوه‌، و هیواى خواست پارێزگارى نوێ بتوانێت درێژه‌ به‌ کاره‌ باش و خزمه‌تگوزارییه‌کانى پارێزگارى پێشوو بدات و زۆرترین خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش به‌ هاوڵاتیان بکات.

دکتۆر به‌شیر حه‌داد ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگارى هه‌ولێرى پایته‌خت کارێکى ئاسان نییه‌، به‌ڵام به‌ پشتیوانى هه‌موو لایه‌ک ده‌توانیت سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنیت و جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان وه‌کو جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و نوێنه‌رانى کورد له‌ به‌غدا ئاماده‌ى هه‌موو هاوکارییه‌کن.

جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق راشیگه‌یاند، ئه‌و پرۆژانه‌ى که‌ له‌ رابردوودا له‌ عێراق به‌هۆى شه‌ڕى داعش و قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راوه‌ستابوون ورده‌ ورده‌ ده‌ستیان پێکردوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ش که‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وان به‌رده‌وام به‌دواداچوونى بۆ ده‌که‌ن و پێداگرى له‌سه‌ر جێبه‌جێکرانیان ده‌که‌ن، وه‌ک پرۆژه‌ى دروستکردنى ئاوو ئاوه‌ڕۆى شارى هه‌ولێر که‌ بڕیار وابوو له‌سه‌ر ئه‌رکى رێکخراوى جایکاى یابانى جێبه‌جێ بکرێت، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وان کاریان کردووه‌ تاوه‌کو ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بکه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دکتۆر فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى هه‌وڵیر خۆشحاڵى خۆى به‌ سه‌ردانه‌که‌ى دکتۆر به‌شیر حه‌داد ده‌ربڕى و هیواشى خواست له‌و بابه‌تانه‌ى که‌ په‌یوه‌ستن به‌ حکومه‌تى فیدراڵیه‌وه‌ ئه‌وان زیاتر هاوکاریان بکه‌ن.