کۆمارى و دیموکراته‌کانى ئه‌مه‌ریکا ئاماده‌کارى ده‌که‌ن بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر تورکیا

14.10.2019
جەماوەر نیوز
هه‌ردوو پارتى کۆمارى و دیموکراتى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن به‌نیازن کۆمه‌ڵێک سزاى توند به‌سه‌ر تورکیا بسه‌پـێنن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌شکرکێشیـیه‌ى کردووه‌یه‌ته‌ سه‌ر کورده‌کان له‌ باکورى سوریا.

سیناتۆر لیندزى گراهامى کۆمارى له‌سه‌ر تویته‌ره‌که‌ى نووسیویه‌تى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ نانسى پـیڵۆسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران کردووه‌ و ئه‌ویش پشتیوانى خۆى ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئاماده‌کردنى سزاکان له‌لایه‌ن هه‌ردوو پارته‌وه‌ له‌ دژى له‌شکرکێشیـیه‌که‌ى تورکیا. ده‌شڵێت خانم پـیڵۆسى ئه‌ویش پـێیوایه‌ پـێویسته‌ پـشتیوانى خۆیان بۆ کورده‌ هاوپه‌یمانه‌کانیان نیشان بده‌ن وه‌ نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش.

سیناتۆر گراهام ده‌شڵێت له‌گه‌ڵ دیموکراته‌کان به‌ خێرایى کارده‌کات بۆ ئاماده‌کردنى سزاکان وه‌ ستایشى سه‌رۆک ترامپى کرد که‌ ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ له‌گه‌ڵ کۆنگرێس کاربکات.

خانم نانسى پـیڵوسى دیموکرات ئه‌ویش له‌ تویته‌ره‌که‌ى نووسیویه‌تى له‌گه‌ڵ سیناتۆر لیندزى گراهام ڕێکه‌وتووه‌ که‌ ده‌ستبه‌جێ پـرۆژه‌ بڕیارێکیان هه‌بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیاره‌ "مه‌ترسیداره‌که‌ی" سه‌رۆک ترامپ سه‌باره‌ت به‌ سوریا.

ده‌ڵێت پاشان هه‌ردوو پارت پـێکه‌وه‌ پـرۆژه‌ بڕیارێک ئاماده‌بکه‌ن بۆ سزادانى تورکیا به‌ شێوه‌یه‌ک توندتربێت له‌وه‌ى سه‌رۆک ترامپ پێشنیارى کردووه‌.

چه‌ک شومه‌ر گه‌وره‌ سیناتۆرى دیموکراته‌کان ئه‌ویش ده‌ڵێت بڕیاره‌ "سه‌ره‌ڕۆ و هه‌ڵه‌که‌ی" سه‌رۆک ترامپ سه‌ربازانى ئه‌مه‌ریکایى له‌ سوریا خستووه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیـیه‌وه‌ و ده‌ستى دیکتاتۆره‌کانى وه‌کو پـوتن و ئه‌سه‌د و ئه‌ردۆغانى واڵاکرد.

داواشى له‌ کۆماریـیه‌کان کرد ڕووبه‌ڕووى سه‌رۆک ترامپ ببنه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ى زیندانکراوى زیاترى داعش ئازادبکرێن.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا