سه‌رۆکى په‌رله‌مان : گه‌نده‌ڵى دیارده‌یه‌کى فره‌ڕه‌هه‌ندى ئاڵۆزه‌و کاریگه‌ریى نه‌رێنیى له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتێک هه‌یه‌

09.12.2019
جەماوەر نیوز
پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 9/12/2019، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌شارى هه‌ولێر به‌شداریى له‌ ڕۆژى جیهانیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى کردو وتارێکیشى به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشکه‌ش کرود و تیایدا باسى له‌ به‌رزڕاگرتنى ئه‌و رۆژه‌ جیهانییه‌و کاریگه‌رییه‌ خراپه‌کانى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى کردو رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ 9ى 12 له‌سه‌ر ئاستى جیهان ڕۆژى جیهانیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌رزڕاده‌گیرێت و ده‌کرێته‌ ده‌رفه‌تێک بۆ باسکردن له‌گونجاوترین میکانیزمى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، چونکه‌ گه‌نده‌ڵى دیارده‌یه‌کى فره‌ ڕه‌هه‌ندى ئاڵۆزه‌و کاریگه‌ریى نه‌رێنیى له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتێک هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى کاریگه‌رییه‌که‌ ڕێژه‌ییه‌ به‌ڵام دامه‌زراوه‌ دیموکراسییه‌کان بنکۆڵ ده‌کات، گه‌شه‌ى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى دواده‌خات، ده‌بێته‌ مایه‌ى ناسه‌قامگیریه‌کى تاقه‌ت پڕوکێن".

ووتیشی: "هه‌رێمى کوردستان سه‌ربارى ئه‌وه‌ى که‌ خاڵى و دابڕاو نییه‌ له‌ بوون و کاریگه‌رییه‌کانى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌کان، هاوکات پێده‌چێت هێشتا ده‌ستمان به‌ گونجاوترین میکانیزم بۆ سزادانى گه‌نده‌ڵکاران نه‌گه‌یشتبێت، یان چه‌ک و ئامڕازه‌کانمان له‌ ئاستى خواستدا نه‌بووبێت، بۆیه‌ تائێستاش دامه‌زراوه‌کانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵییه‌، که‌ ئه‌رکى لێبڕاوانه‌ى خستوه‌ته‌سه‌ر هه‌مووان له‌ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کانه‌وه‌ تا ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاگه‌یاندن و تاک و کۆمه‌ڵگه‌ش به‌ گشتى".

هه‌ر له‌وته‌که‌یدا سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان باسى له‌ هه‌نگاوه‌کان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌نووکه‌یى و ستراتیژیى دوورمه‌ودا کردو ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌نگاوى یه‌که‌مى تێپه‌ڕاندووه‌و چ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کان و چ حیزبه‌ سیاسییه‌کانیش به‌ئاشکرا ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ گه‌نده‌ڵى ڕۆچووه‌ته‌ نێو جومگه‌کانى فه‌رمانڕه‌وایى و ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌ ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیشى گرتوه‌ته‌وه‌ و که‌م تا زۆر له‌سه‌ر هه‌ندێ ئاست هه‌نگاوه‌کان ده‌ستى پێکردووه‌و راشیگه‌یاند: "له‌ ڕوانگه‌ى باوه‌ڕبوونمان به‌وه‌ى که‌ پیاده‌کردنى پێوه‌ره‌کانى حوکمى ڕه‌شیدو لێپرسینه‌وه‌و سزادان به‌تایبه‌ت ئه‌و پێوه‌رو پڕه‌نسیپانه‌ى له‌ ڕێککه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ بنه‌بڕکردنى گه‌نده‌ڵى هاتوون فاکته‌رو ئامرازى بنه‌ڕه‌تین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و ده‌بێ بکرێته‌ ئیلهامبه‌خشى کارى ئاینده‌ییمان".

ووتیشی: "له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ و سه‌ربارى پابه‌ندکردنى خۆمان له‌ په‌رله‌مان به‌ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى ته‌شریعیى گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌کان و پشتیوانىکردنى گشت هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى که‌م بن یا زۆرو هاندانى په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌کان بۆ به‌دواداچوون و چاودێرى، پێمان وایه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌ربارى ئاڕاسته‌کردنى پڕۆژه‌یاساى چاکسازى بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌بێت ئه‌رکى خۆى له‌ به‌رجه‌سته‌کردنى دروشمى ڕاگه‌یه‌ندراوى چاکسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌پلان و ستراتیژ به‌جێبهێنێت".